مامۆستایانی ئاینیی هەڵەبجە فەتوایەك لە دژی توندوتیژی دەردەكەن
ئەمڕۆ هەینی مامۆستایانی ئاینی لە پارێزگای هەڵەبجە فەتوایەكیان دەركرد لەبارەی حەرامكردنی هێرش كردنە سەر دەزگا گشتییەكان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە.
ئەمڕۆ لە میانی نوێژی هەینیدا، مامۆستاكان لە وتارەكانیاندا نامەیەكیان خوێندەوە، تیایدا پەیامێكیان ئاراستەی هێزە ئەمنیەكان و خۆپێشاندەرانی پارێزگاكە كرد و رایانگەیاند كە فەتوای حەرامكردنی هێرش و دەستدرێژیكردنە سەر دامودەزگا گشتییەكانیان داوە، لەگەڵ هەر جۆرە تێكدان و گێرەشێوێن و سوتاندنێك، ئاماژەیان داوە سوتاندن و وێرانكردنی دەزگاكان تاوانە و لێخۆشبوونی بۆ نیە.
هەروەها داوایان لە هێزە ئەمنیەكان كرد ژیان و ئاسایشی خۆپێشاندەران بپارێزن. دووپاتیشیان لەسەر پشتیوانیكردنی خۆپێشاندانی مەدەنی كردەوە بۆ داوای مافەكانی هاووڵاتیانی بە شێوەیەكی یاسایی.
ئەوەشیان ئاماژە پێداوە كە چەندین پیلانگێڕی لە دژی كوردستان لە ئارادایە، تەواوی گەلانی كوردستان لە یەك كەشتیدان، ئەگەر كەشتیەكەی نغرۆ بێ، ئەوا هەموو پێكەوە دەخنكێن، بۆیە پێویستە پێكەوە بەرگری لە ئاسایشی كوردستان بكەین و بە هیچ شێوەیەك زیان بە هەرێمی كوردستان نەگەیەنین.
basnews-
