چاودێران: دهبێت لایەنەكان خۆیان به بەرپرسیار بزانن.. دەستێکی دەرەکی بۆ تێکدانی ھەرێم ههیه
دکتۆر (محەممەد بازیانی) شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لەگەڵ ھەموو خۆپیشاندانێکی مەدەنیانەم له چوارچێوەی یاسادا، بهڵام بەمەرجێک زیان بەموڵکی گشتی و فەرمانگە و شوێنە حزبی و حکوومیەکان نەگەیەنێت، چونکە ئەوە مووڵکی ھەموومانە ھەتا بارەگا حزبیەکانیش، بهڵام ئەوەی من تێیدەگهم له ئێستادا موئامەرە و نەخشەیەکی گەورەی دەرەکی ھەیە و لەھەوڵی ئەوەدان رەوشی ئارامی ھەرێمی کوردستان تێکبدهن."
(بازیانی) گوتیشی، "بەداخەوە نانەوەی توندوتیژی بەناوی خۆپیشاندانەوە بۆ ئەوەیه داخوازی خۆپیشاندەران ون بکرێت، ئەمەش بە دروستی کاری لەسەر دەکرێت لەلایەن ھەندێ لایەنەوە تا ئاژە بنێنەوە بۆ ئەوەی پەیامی ھاووڵاتیان نەگات بە ئەنجام و بەلاڕێدا بردنی خۆپیشاندانەکان، مەبەستیش لێی ئەوەیە رەوشەکە بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ھەرێمی کوردستان و نێو ماڵی کورد."
هاوكات دکتۆر (عەدنان ئەنوەر بەگ)، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دهڵێ، "ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندانی ھێمانەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لە رەوشێکداین ھێشتا لوولەی تانکەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقیەکان روویان لە ئێمەیە و حکوومەتی بەغداش تەنیا دەیەوێ کات بکوژێت و ئاگری دووبەرەکی لەنێوان ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمدا خۆش بکات."
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دهشڵێ، "مافی خەڵکی رەوایه، بەڵام پێویستە ھەموو لایەنە سیاسیەکان خۆیا بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە مافە رەواکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ھاووڵاتیانیش پێویستە ئەو پیلانە دەرەکیانە بەرچاو بگرن کە دژی ئەزموونەکەمان بەڕێوەن و دەیانەوێ لە رێگەی جۆڵاندنی سۆزی ھاووڵاتیانەوە جێبەجێی بکەن."
kdp-
