عێراق فەرماندەیەکی سەربازیی کورد بۆ کەرکووک دیاری دەکات
رۆژی هەینی 22/12/2017 میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە، کە عەمید روکن شێرزاد عەزیز، فەرمانی فەرماندەیی باڵای هێزە چەکدارەکانی عێراقی بۆ دەرچووە، تا وەک فەرماندەی فیرقەی 20ـی سوپای عێراق لە کەرکووک، دەست بەکار بێت.
دیاریکردنی ئەو فەرماندە کوردە بۆ فیرقەی کەرکووکی سوپای عێراق لەکاتێک دایە، کە کەرکووک و شارەکانی دەوروبەری لەلایەن میلیشیا و هێزە عێراقییەکان داگیر کراوە و ژمارەی سەربازانی کورد لە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەرەو کەمبوونەوە و نەمان دەچێت.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
باسنيوز
