رووسیا بڕیارێکی توند لە دژی حزبێکی کوردی دەدات

 رووسیا بڕیارێکی توند لە دژی حزبێکی کوردی دەدات
حکوومەتی رووسیا بڕیارێکی توند لە دژی پاریتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە)ی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، دەدات.


رۆژی هەینی 22/12/2017، ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ، نێردەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بۆ سووریا، رایگەیاند، کە پەیەدە نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم دانوستاندنەکانی ئاشتی لە سووریا.

ئەلێکسەندەر لاڤریێنتیڤ هەروەها رایگەیاند، بەهۆی رەتکردنەوەی تورکیا بە بەشداریکردنی پەیەدە لە کۆنگرەی سوچی، بڕیاریانداوە ئەو حزبە بەشداریی نەکات لە کۆنگرەکە، بەڵام ”کەسایەتیی کورد بانگهێشت دەکرێن“.

بڕیارە لە ماوەیەکی کەمدا، حکوومەتی رووسیا سەرپەرشتیی دانوستاندنێک بکات لە شاری سوچی لە باشووری رووسیا لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و رژێمی سووریا، بەمەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا.

شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.










باسنيوز
Top