داوا دەکرێت فەرمانبەرانی ئاوارەی خورماتوو لە دامودەزگاکان بەشێوەی تەنسیب وەربگیرێن
ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی،ڕاگەیاند: "لە نێو ئاوارەکانی خورماتوو ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و فەرمانبەران بوونیان ھەیە، تائێستا نەتوانراوە بە شێوەی تەنسیب لە دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەوام بکەن".
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کردووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ وەڵامێکی ئەرێنییان نەدراوەتەوە.
ئاشکراشی کرد، کە ئەگەر ئەو گرفتە چارەسەر نەکرا، ئەگەری فەسڵکردنی سەدان مامۆستا و فەرمانبەری کوردی خورماتوو ھەیە، کە ئێستا ئاوارەبوونە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شارۆچکەکەیان.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
bas news-
