پەرلەمانتارێك: ئەگەر تا سێ مانگی تر هەڵبژاردن بكرێت پێویست ناكات كەسێكی تر بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان

 پەرلەمانتارێك: ئەگەر تا سێ مانگی تر هەڵبژاردن بكرێت پێویست ناكات كەسێكی تر بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان


ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر تا سێ مانگی تر هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بكرێت، پێویست ناكات كەسێكی تر بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان.


نازم كەبیر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ڕاگەیاند: "ئەوانەی كە لە نێو حكوومەتی هەرێمی كوردستاندان، دەتوانن بەڕێككەوتن كەسێك دەستنیشان بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە بزانین كەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان دەكرێت".


ڕوونی كردەوەن، بەڕای من ئەگەر لە ماوەی سێ مانگی داهاتوو هەڵبژاردن بكرێت، پێویست ناكات گۆڕانكاری لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.


ئەو پەرلەمانتارە ڕاشی گەیاند: " پێم باشە ڕێككەوتنێكی كۆنكرێتی بكرێت لەنێوان ئەو لایەنانەی كە لەناو حكوومەتدان بۆ ئێستا و دوای هەڵبژاردنەكانیش".


دوێنێ چوارشەممە 20/12/2017، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كشانەوەیان لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا، هاوكات بزووتنەوەی گۆڕان دەستی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش هەڵگرت.

bas news-
Top