"عەبادی خۆی بێچارەیە و شەڕی ئابوورییش لەگەڵ هەرێم دەکات"
٢٠ی ١٢ی ٢٠١٧ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) گوتی: "دەبێ وردبینی لە ناوی ھەموو مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستاندا بکەین. گوتیشی، عێڕاق ناتوانێت مووچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان بدات."
لە بەرانبەر ئەو جۆرە لێدوانانەی (عەبادی)دا، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کورستان، (نێچیرڤان بارزانی) چەندین جار ڕایگەیاندووە، کە ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ عێڕاق و لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ئامادەیە و بایۆمەتری بۆ گشت مووچەخۆران کراوە.
پەیوەست بە سیاسەتی ئابووری و قەرزەکانی عێڕاق، (ئەرشەد تەھا)، دکتۆرای سیاسەتی ئابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "عێڕاق لە ساڵی ھەشتاکانەوە لە سەردەمی بەعسەوە خەریکی پارەقەرزکردنە، قەرزێکی زۆری عێڕاق، ھی ساڵی (١٩٩٦)ە، کاتێک عێڕاق نەوتی بە خۆراک دەگۆڕییەوە، ھەموو ئەم قەرزانە لەسەر عێڕاق کەڵەکە بووە و سەرەڕای ھەموو ئەمانە گەندەڵییەکی زۆر دەکرێت لە عێڕاقدا.''
بە پێی ڕاپۆرتی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ساڵی (٢٠١٤)، بە هەزار ملیار دۆلار جیاوازی لە داھاتی عێڕاقدا ھەبووە، ئەو ئابووریناسە گوتی: "ھەزار ملیار دۆلار ئیمپڕاتۆریەتێکی پێ دادەمەزرێت، گەر بێت و بیخەمڵێنین. ئەوەی لەبەرچاوان دیارە، عێڕاق زیاتر لە (١٣٠) ملیار دۆلار قەرزدارە، بڕێکی زۆر پارە لە بانکی مەرکەزی دەرھاتووە، سێ ساڵ بەر لە ئێستا (٨٥) ملیار دۆلار یەدەگی ھەبوو لە بانکی مەرکەزیدا، ئێستا کەمتر لە (٢٤) ملیار دۆلار یەدەگی ماوە و، مەترسیی داڕمانی دیناری عێڕاقیی لە پشتەوەیە، لەبەر ئەوەی عێڕاق ھەموو ڕۆژێ (١٥ تا ٢٥٠) ملیۆن دۆلار مزایەدە دەکات و بە ھەرزان دەیفرۆشێـت بە بازاڕ تا نرخی دینار دانەبەزێت، دابەزینی یەدەگی عێراق لە بانگی مەرکەزی وا دەکات ئەم سیاسەتە پەیڕەو بکات. مەترسیی داڕمانی ئابووری عێڕاق ھەیە."
(تەھا) گوتیشی: "(عەبادی) ھیچی لەبەردەست نەماوە، پشتی پێ ببەستێ، تەنھا ئەوە نەبێ چاوەڕێی ئەوە بکات لە ساڵی (٢٠١٨) نرخی نەوت بەرز بێتەوە بۆ ئەو پڕۆژەیاساییەی بۆ بودجەی ساڵی (٢٠١٨) دانراوە، تاکە ھەل ئەوەیە کاتێک نرخی نەوت بەرز ببێتەوە بۆ (٦٠) دۆلار بەسەرەوە، کە وا دەکات داھاتی عێڕاق زیاد بکات، چونکە ئێستا لە عێڕاق کەرتە ئابوورییەکان ھەمووی داڕوماوە و (%٩٥)ی داھاتی عێڕاق لەسەر نەوتە و تەنھا (%٥)ی داھاتی لە کەرتەکانی تر دەست دەکەوێـت. ئێستاش نزیکەی (٣٠) ملیار دۆلار لە کورتھێنانە و بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئەو بودجەیەی دایانناوە کورتھێنانێکی زۆری تێدایە. بۆ ئەو قەرزانەی کەڵەکەش بووە عێڕاق تەنھا پشتی بەوە بەستووە نرخی نەوت بەرز بێتەوە، ئەگینا کەرتە ئابوورییەکانی عێڕاق چۆن ئێستا وێران بوونە، لە ساڵی دابێدا زیاتر و زیاتر وێران دەبن، ئەم وێرانبوونەش لە بەرژەوەندیی ئێرانە و ئێڕان ڕێگا نادات بە ھێچ جۆرێک کەرتی ئابووری لە عێڕاق پێش بکەوێـت و دەیەوێت عێڕاق ببێتە بەکاربەری بەرھەمی ئێرانی و بازاڕێکی بەرھەمی ئێرانی بێت، لە سێ ساڵی ڕابردوودا عێراق تەنیا مووچەی داوە و ھیچی تری نەکردووە و ھیچ بودجەیەکی نەبووە، ھیچ پڕۆژەیەکیشی ئەنجام نەداوە بۆ وڵاتەکەی.."
بە پێی پێشبینیی (وەحید ئەلکبیروف)، سەرۆکی کۆمپانیای (لۆک ئۆیل) کە یەکێکە لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرھەمھێنانی نەوت لە ڕووسیا و کۆمپانیایەکی تایبەتە و موڵکی دەوڵەت نییە، بە دووری دەزانێ نرخی نەوت زۆر بەرز ببێتەوە، وەک ئەوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەخۆیەوە بینی. دەڵێ ئەگەر نرخ لە بازاڕ زۆر بەرز ببێتەوە، ئەوا ئۆپیک و ڕووسیا بیر لە زیادکردنی بەرھەم دەکەنەوە بۆ گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی لە بازاڕدا.
(ئەلکبیروف) پێشبینیی ئەوەیشی کرد، لە (٢٠١٨)دا خواست لەسەر نەوت ڕۆژانە بۆ ملیۆنێک و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل زیاتر ببێت لەوەی ئێستە لە بازاڕ دەخرێتە ڕوو، پێی وایە نرخەکەیشی لە نێوان ٦٠ بۆ ٦٥ دۆلار دەبێت.
(ئەرشەد تەها) لەو باوەڕەدایە کە: "(عەبادی)، شەڕێکی ئابووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات، دەیەوێت لە ڕووی ئابوورییەوە کورستان بڕوخێنێت تا دەنگی ناڕەزایەتییەکان زیاد بکات، بە دڵنیاییەوە دەیانەوێت ناوی ھەرێمی کوردستان ھەر بسڕنەوە و بیکەن بە پارێزگا."
عێراق لە (٢٠١٤)ـەوە دەستی کردووە بە سزادانی کوردستان و بودجەکەی بڕیوە بە بیانووی نەناردنی نەوتەوە ھیچ ڕێککەوتنێکی تازە لەو نێوانەدا نییە.
پەیوەست بە ناردن و نەناردنی مووچە و بودجەی کوردستان، سیاسەتمەداری ناسراوی شیعە، (عیزەت شابەندەر) ڕایدەگەیەنێت: "ھیچ پاساوێک بۆ حکوومەتی ناوەندی نەماوەتەوە بۆ لابردنی ئەو گەمارۆیەی بۆ دانوستاندن خستوویەتە سەر ھەرێمی کوردستان."
(عیزەت شابەندەر) دەشپرسێت: "حکوومەتی ناوەندی چاوەڕێی چی دەکات بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە دانوستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بدات؟"
kdp-
