یەکێتیی زانایان: ئەوەی لە خۆپیشاندان ڕوو دەدات لەگەڵ ڕەوشت و بەها جوانەکانی مرۆڤی موسڵمان یەک ناگرێتەوە
لە ڕاگەیندراوەکەدا کە کۆپییەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێن، ماوەی چەند ڕۆژێکە چەند خۆپێشاندانێک بەشێکی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کە بەداخەوە توندوتیژی بەخۆیەوە دیت و دواجار قوربانی و برینداری لێ کەوتەوە، بێێگومان خۆپێشاندان مافێکی سروشتیی تاکەکانی کۆمەڵگەی،ە وەک گوزارشتکردن لە داخوازییەکان، بەڵام گرنگە ئەم مافە بە شێوازێکی شارستانیانەی دوور لە توندوتیژی بەڕێوە بچێت، بەپێچەوانەوە ھەر ھەنگاوێکی توندوتیژی ڕووی جوانی داواکارییەکان دەشێوێنێت و بەپیروەھاتنی خواستەکانیش سست و لاواز دەکات، لێرەوە داوا لە ھەموو لایەک دەکەین لەم دۆخە ناسکەی ھەرێمی کوردستاندا ددان بەخۆدا بگرن، بە ھیچ شێوەیەک دەست بۆ خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم کوردستانە نەبەن، ھەروەک داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین، ھەنگاوەکانیان دوور بن لە دەستبردن بۆ شوێنە پیرۆزەکان و قوتابخانە و نەخۆشخانە و کتێبخانە گشتییەکان و سەرجەم دامودەزگا میرییەکان و موڵکی تایبەتی ھاونیشتمانیان و بنکە و بارەگاکان، کە ئەمە وێڕای ناشارستانیەتی، بە ھیچ شێوەیەکیش لەگەڵ ڕەوشت و بەھا جوانەکانی میللەتی کورد و مرۆڤی موسڵمان یەک ناگرنەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ کوردستان بە قۆناخێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان لەوپەڕی تەنگەبەری و ناخۆشیدایە، بەڵام دووریش نییە دەستێکی دەرەکی دوژمنکارانە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی بخزێنێتە ناو ڕووداوەکان بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانیان بۆ تێکدانی باری سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان، بۆیە دەبێ ھەستیاربین لە ھەنگاوەکان و ئەم لایەنەمان ھەمیشە لەبەرچاو بێت.
لە کۆتاییدا ھاتووە، داوا لە مامۆستایانی ئایینیی بەڕێز دەکەین جەخت لەسەر ئەم بەھا جوانانە بکەنەوە، ھەروەک داوا لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، کاری جیددی بکات بۆ چاککردنی باری گوزەرانی ھاووڵاتییان و پێدانی مووچەی فەرمانبەران، کە ئەمە زەقترین داخوازی ھاووڵاتییانە. چیدی ئەم دۆخە چەقبەستووە وەکو خۆی نەمێنێتەوە. ھەروەک ئەرکی لایەنە سیاسییەکانە ڕەچاوی یەکڕیزیی نیشتمانی بکەن.
kdp-
