پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: عەبادی خەمخۆری خەڵکی خۆی نییە چۆن دەبێـتە خەمخۆری ھاووڵاتییانی کوردستان
ئەبوبەکر ھەڵەدەنی، پەرلەمانتاری کوردستان، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕایگەیاند: "نەک عەبادی بە خەمخۆری خەڵکی کوردستان نازانم، بەڵکو ئەو خەمخۆری خەڵکی عێراقیش نییە، بۆیە ئەو لێدوانەی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ھەرێمی کوردستان داویەتی، گاڵتەکردنە بە ھەست و ئاوەزی خەڵکی کوردستان، چونکە حکوومەتی عێراق و خودی عەبادی بەدوای بیانویەکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردسان لەم قەوارە دەستوورییەی کە ھەیەتی نەیھێڵن، تا وەک پارێزگاکانی باکووری عێراق مامەڵەی لەگەڵ بکەن".
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو، ئەوەشی روون کردەوە، کە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بیانووەکانی بەغدا ببڕن، کە بە ھەستێکی شۆڤێنیانە مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردستان دەکەن، ئەوا پێویستە وەڵامی خواستی ھاووڵاتییان بدەنەوە بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان، دەشڵێت: "ئەوەش دەبێـتە باشترین وەڵام بۆ عەبادی، تا بڵێن ئێمە خۆمان لە ناو خۆماندا چارەسەری کێشەکانمان دەکەین و پێویستمان بە کەس نییە".
ماوەی سێ رۆژە، خۆپیشاندانێکی دەڤەری راپەڕین و گەرمیانی گرتووەتەوە، کە بوویە ھۆی ئەوەی بارەگای بەشێک لە حزبەکانی کوردستان و دامودەزگا حکوومییەکان بسووتێندرێت.
باسنیوز
