مستەفا چاوڕەش: ئەوەی ھەوڵی گرژی و ئاڵۆزی بدات خۆی بەرپرسیارە
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھێزەکانی یەکەی ٧٠ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییان بە ھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و چالاکی مەدەنی بڵاو بوونەتەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی ڕوودانی ھەر گرژی و ئاڵۆزییەک پارێزگاری لە سەروماڵی ھاووڵاتییان و بارەگا حزبی و حکوومییەکان بکەن".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، ئەوەشی خستە روو: "ھێزەکانی یەکەی 70 لەپێناو بەرگریکردن لە ھەر حاڵەتێکی توندوتیژی بڵاو بوونەتەوە، چونکە لە شاری کۆیە ھەموومان بینیمان دۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی مەترسیدار ڕۆشت، دواجار بەداخەوە مێژووی سەدان ساڵەیان سووتاندین".
جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان ھەوڵی ئەوە دەدەن، گرژی و ئاڵۆزی ڕوونەدات، ئەوەشی ھەوڵی گرژی و ئەڵۆزی بدات، خۆی بەرپرسیارە. گوتیشی: "ھەرچەندە ھەرچی ڕووبدات، ھیچ کەسێک ناڵێ من بووم، تەنھا دەڵێن، ئەوە گەنجە و داوای مافی خۆی دەکات".
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان، ، ئاماژەی بەوەش دا: "خەڵکی مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بکات، چونکە خەڵکی کێشەی دارایی ھەیە، بەڵام پێویستە خەڵکی بە ھێمنی خۆپیشاندان بکات، نەک بەشێوەیەکی ناشارستانی و پەلاماری بارەگای حزبی و حکوومی بدەن".
لە چەند ڕۆژی رابردوودا، خۆپیشاندانێک دەڤەری راپەڕین و گەرمیانی گرتووەتەوە، کە دواتر کەسانێکی ئاراستەکراو، بەشێک لە بارەگا حکوومی و حزبییەکان و موڵک و ماڵی هاووڵاتییانیان سووتاند.
باسنیوز
