"دەبێ عەبادی بە فەرمی جەخت لەسەر کیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بکات"

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یەکێتیی ئەورووپا، لە لاپەڕی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) لە نووسینێکدا ئاشکرای کردووە، گرووپێک پەرلەمانتار لە یەکێتیی ئەورووپا نامەیەکی ناڕەزاییان ئاراستەی عەبادی کردووە.

لە سەرەتای نووسەراوەکەی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا هاتووە: "دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا گرووپێک لە پەرلەمانتارانی دۆستی کوردستان نامەیەکیان ئاڕاستەی (فێدریکا مۆگرینی) بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کرد و تێیدا داوای داڕشتنی سیاسەتێکی هاوسەنگی یەکێتیی ئەرووپایان کردبوو بەرامبەر عێراق و هەرێمی کوردستان و بینینی ڕۆڵێکی زیاتری یەکێتی ئەوروپا لە نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر گەرەنتیکردنی مافەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستور، لە هەنگاوێکی نوێدا، گرووپێک پەرلەمانتاری ئەورووپی لە تێکڕای فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، نامەیەکیان ئاڕاستەی حەیدەر عەبادی کردووە".

لە درێژەی ئەو نووسراوەدا هاتووە: "پەرلەمانتارانی یەکێتیی ئەورووپادا سەبارەت بە دانانی دانانی گەمارۆی ئابووری و ڕاگرتنی گەشتی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە نیگەرانییان دەربڕیوە."

لە نامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە: "حکوومەتی عەبادی دەستبەجێ گفتوگۆی ئەرێنی و بونیادنەر لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات، هەروەها داواش دەکەن وەک نیازپاکی حەیدەر عەبادی بەیاننامەیەک بڵاو بکاتەوە کە تێیدا جەخت لەسەر کیانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە."

دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا لە نووسینەکەی خۆیدا وێڕای پێشوازیکردن لەو نامەیەی پەرلەمانتارانی ئەورووپا، ڕای گەیاندووە: "کەوا لە ماوەی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی چالاکییەکانیاندا بەردەوام کاریان لەسەر ئەوە کردووە کە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ فشار خستەنسەر لایەنی بڕیاربەدەستی یەکێتیی ئەورووپا لەلایەک و حکوومەتی عێراقیش لەلایەکی دیکەش لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەدەستھێنانی پاڵپشتیی زیاتری لایەنی ئەورووپی بۆ ھەرێمی کوردستان".
Top