ئەندامێکی ڕێبەریی حدک: بەغدا لە بیانوو دەگەڕێت هێرش بکاتە سەر کوردستان

 ئەندامێکی ڕێبەریی حدک: بەغدا لە بیانوو دەگەڕێت هێرش بکاتە سەر کوردستان
ئەندامێکی ڕێبەریی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) باس لەوە دەکات کە بەغدا بەدوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ ئەوەی هێز لەدژی کوردستان بجووڵێنێت.

ئیسماعیل شەرەفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستان، لەمبارەوە گوتی: "دەبێ هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو پیلانە بێت کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بیانوو بدرێتە دەست بەغداوە کە هێز جووڵە پێبکات بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەت قسەی دەوڵەتی یاسا ئەوەیە کە حەشدی شەعبی ڕەوانەی کوردستان بکرێت و عەبادیش بە بیانووی پاراستنی خەڵکی کوردستان هەمان قسەی کردووە".

ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەگەر عێراق نییەتی باش بوایە، هێرشی دەکردە سەر کوردستان؟ کە هێرشی کردووە ئێستاش ناتوانێت ببێتە پارێزەری خەڵکی کوردستان، بۆیە بەغدا نیەتی هەیە هێز لەدژی کوردستان بجووڵێنێت".

پێشتر و دوو ڕۆژ دوای داگیرکردنی کەرکووک و ناوچەک کوردستانییەکان لەلایەن (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) و بە ڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، هەردوولایەنی دیموکرات کە بارەگاکانیان لە کۆیەیە نیگەرانیی ئەوەیان دەربڕی کە حەشدی شەعبی نزیکی تەقتەق بووەتەوە و بە بڕیاری ئێران بەنیازی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی ئەوانن.










باسنیوز
Top