بەرپرسێکی گۆڕان: یەکێتی دەستی لەگەڵ عەبادی تێکەڵ کردووە و لە 16ی ئۆکتۆبەر کەرکووکی فرۆشتووە

 بەرپرسێکی گۆڕان: یەکێتی دەستی لەگەڵ عەبادی تێکەڵ کردووە و لە 16ی ئۆکتۆبەر کەرکووکی فرۆشتووە
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان بە توندی ڕەخنەی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرت و بەوە تۆمەتباری کرد کە دەستی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ”تێکەڵ کردووە“ و ”لە 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکووکی فرۆشتووە“.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان،ڕایگەیاند: ”پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لوولەی تفەنگەکانی ئاراستەی گەنجان نەکات، چونکە قەیرانی دارایی تەنگی بە خەڵکی ھەڵچنیوە، ئێستا کادیری پارتی ھەیە دینارێکی پێ نییە، ھەروەھا کادیری گۆڕان و یەکێتی و حزبەکانی دیکەش بە ھەمان شێوە".

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان جەختی لەوە کردەوە: ”یەکێتی لەم ناوچەیەدا دەسەڵاتی ھەیە و دەستی لەگەڵ عەبادی تێکەڵە و لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەردا کەرکووکی بە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی فرۆشتووە".

لەلایەکی دیکەوە عەبدولڕەحمان ئەبابەکر، ھەڵسووڕاوی گۆڕان ڕایگەیاند: ”ھێرشی ئەم دواییەی خەڵک بۆ سەر بارەگاکانی گۆڕان پەیوەندی بەو ڕێککەوتنە ھەبوو کە گۆڕان لەگەڵ یەکێتی کردی“.

ڕوونیشی کردەوە: ”لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە جیا لەوەی کوردستا دۆخی جارانی نەگرتەوە، رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتیش بەھەمان شێوە بەھۆی ئەو ڕووداوەوە تێکشکا، گۆڕان بەھۆی 16ی ئۆکتۆبەرەوە تووشی ڕەخنەی زۆر ھات، چونکە دەبوو لە راگەیاندن ئەوە زۆر باس بکرێت، بەڵام بەھۆی ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتی، دەستی بەسترابوو".

دووپاتیشی کردەوە: ”ئەوەی لە کوردستان ڕوودەدات، دەرئەنجامی 16ی ئۆکتۆبەر بوو“.

لەلایەن خۆیەوە نەسرین جەمال، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایگەیاند: "بەداخەوە کوردستان دەوڵەت بوو، خاکی خۆی ھەبوو، سوپای ھەبوو، نەوتی خۆی ھەبوو، داھاتی ھەبوو، زۆربەی خاکی کوردستان بە خوێنی ھەزاران شەھید ئازاد کرا، بۆیە 16ی ئۆکتۆبەر نسکۆیەکی گەورە بوو کە بەسەر کورددا ھات و شکۆی گەلەکەیان شکاند، چونکە لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا لە 51%ی خاکی کوردستان لەلایەن بەغداوە داگیر کرایەوە و ئەمە کارەسات بوو کە رووی کردە گەلەکەمان“. بۆیە داوای ئەوەی کرد کە ئەو کەسانەی دەستیان لە 16ی ئۆکتۆبەردا هەیە، دادگایی بکرێن.

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.








باسنیوز
Top