ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقە
ساماڵ عەبدوڵا، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕایگەیاند: "بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان، خۆپیشاندان مافێكی ڕەوای هاووڵاتییانە و دەبێ حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش گوێ لە داخوازی خەڵک بگرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەك بزووتنەوەی گۆڕان لە خۆپیشانداندانەکاندا لەگەڵ توندوتیژیدا نییە، بەڵكوو لەگەڵ خۆپیشاندانی هێمنانەیە".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەشڵێت: "بڕینی قووتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقە، بۆیە عێراق بەرپرسە لەوەی هەرێمی كوردستان بەم دۆخەی ئێستا گەیشتووە، چونكە هەرێمی كوردستان خۆی پێشتر باسی پابەندبوونی بە دەستوورەوە كردووە، بەڵکوو ئەوە عێراقە پابەندی دەستوور نابێت، بۆیە شتەكان بەو شێوەیە كەڵەكە بوون".
ئەمە قسانەی ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە کاتێک دایە کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە سنووری پارێزگاری سلێمانی کۆمەڵێک لە هاووڵاتیان بەناوی نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا خۆپیشاندەران بارەگا حزبییەکانیان کردووەتە ئامانج و زەرەر و زیانیان بە هەندێ دامودەزگای حکوومی گەیاندووە.
باسنیوز
