نێچیرڤان بارزانی وردەکاریی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا دەخاتە روو

 نێچیرڤان بارزانی وردەکاریی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا دەخاتە روو
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وردەکاریی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا دەخاتە روو.

رۆژی پێنجشەممە 21/12/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا، رایگەیاند، کە ئەڵمانیا و فەرەنسا دەیانەوێ ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا رایگەیاند، کە ھەرێمی کوردستان ”لەژێر ھەڕەشەیەکی زۆر جدییە“ و بە پێویستی زانی ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکڕیزیی گەلی کوردستان بپارێزن.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی ەبوە کرد، کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ئەنگێڵا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەڵمانیا، جەختی لە ویستی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بەڕیگای دانوستاندن، کردووەتەوە.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی خۆپیشاندانی بەشێک لە خەڵکی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییان، رایگەیاند، ”خۆپیشاندان مافی ھەموو ھاووڵاتییانە، بەڵام دروستکردنی ئاژاوە و سووتاندنی ئیداراتی حکوومی و قایمقامیەت و بارەگای حزبەکان، ناکەوێتە چوارچێوەی دەربڕینی داواکاری بۆ مافەکانیان“.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆشداریی دا لەوەی ”دەستێکی تێکدەر ھەیە“ دەیەوێ ئاراستەی خۆپیشاندەران بەلایەکی دیکەدا ببەن و توندوتیژی دروست بکات و رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رێگا بە تێکدانی سەقامگیریی کوردستان نادات و ”نایەڵین ئەمە ڕووبدات“.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە بوونی مەترسی لەسەر ھەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم ھەڕەشەیەکی زۆر جددییە دایە و ”ئەگەر خۆمان یەکڕیز نەبین و پێکەوە ھاوکار نەبین بۆ دەربازبوون، کەس براوەی ئەم دۆخە نابێت. ھەموو ھێزە سیاسییەکان و گەلی کوردستان دەبێ درک بەوە بکەن، کە ئەو موئامەرەی لەسەر کوردستان ھەیە، گەورەترە لەوەی ھەستی پێ دەکرێ“.









باسنيوز
Top