گۆڕانكاری لە پۆستە سەربازییەكان هیچ لە دۆخی ناجێگری كەركووك ناگۆڕێت
لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە حكوومەتی عێراق ئەفسەرێكی پێشووی دەزگای هەواڵگریی عێراقیان كردە فەرماندەی پرۆسەكانی كەركووك كە ئەویش لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا بوو.
لەم بارەیەوە كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی سێی پارتی دموكراتی كوردستان لە كەركووك، ڕايگەیاند: "بەداخەوە سوپای عێراق پێشتر هێرشی كردووەتە سەر خەڵك و ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتییەكانە، ئێستاش گۆڕانكاری لە پۆستە سەربازییەكان، هیچ لە دۆخی ناهەمواری كەركووك ناگۆڕێت، چونكە كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە".
ئەو کارگێڕەی لقی سێی پارتی گوتیشی: "ئێستاش حكوومەتی عێراق ئامادە نییە كێشەی كەركووك چارەسەر بكات، ئەگەر پێشتر لە ساڵی 2007 مادەی 140 دەستووری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ بكرایە، ئێستا دۆخی كەركووك نەدەگەیشتە ئەمڕۆ".
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "سەرجەم ئەو هێزانەی كە لەناو كەركووك دان لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دان و ماوەیەكیشە فێر بوون جلە سەربازییەكانیان دەگۆڕن، بۆ نموونە چەكدارانی حەشدی شەعبی جلی هێزەكانی سوات لەبەر دەكەن، خەڵكیش لەو كردەوەیان تێ گەیشتوون".
ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاكانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار، پەلاماری كەركووك و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان هاووڵاتیی كوردیان شەهید و بریندار كرد و نزیكەی 200 هەزار كەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكترتێری گشتی یەكێتی لە پەیامێكدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی كارەساتەكانی كەركووك و خورماتوو لە ئەستۆی كاڵفامەكانی ناو یەكێتی دایە".
باسنيوز
