پەرلەمانتارێك: کشانەوەی گۆڕان و كۆمەڵ لە حکوومەت هەڵهاتنە لە بەرپرسیارێتی
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/12/2017، نازم كەبیر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند: "لەم قۆناغەدا پێویستە نێو ماڵی كورد یەك بخرێتەوە و یەكڕیز بین، بەڵام ئێستاش كە گۆڕان و كۆمەڵ بڕیاریاریان داوە لە حكوومەت بكشێنەوە، موزادەیەكی سیاسی بوو، چونكە ئێستا حكوومەت داوای لە پەرلەمانی كوردستان كردووە، تا سێ مانگی تر ڕۆژێك دیاری بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئیتر پێم سەیرە كشانەوەیان لە حكوومەت لەم كاتەدا بۆ چی بووە!".
ئەو پەرلەمانتارە کوردە گوتیشی: "كشانەوەی گۆڕان و كۆمەڵ لە حكوومەت، موزایەدەیەكی پێشوەختەیە و دەبێ خەڵكیش ئەو ڕاستییە بزانن، چونكە ئەمەیان هەڵهاتنە لە بەرپرسیارێتی، هاوكات هەڵهاتنە لەو هەوڵەی کە بەنیازە هەرێمی كوردستان قەیرانە ڕزگار بکرێت كە ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام كشانەوەیان كاریگەریی لەسەر كارەكانی حكوومەت نابێت".
نازم كەبیر، ڕوونیشی كردەوە: "كاتێك ئەوان هاتنە ناو حكوومەت بە بیركردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنەوە هاتن و مامەڵەیان بە شێوەیەك بوو كە پێیەكیان لەناو حكوومەت و ئەوی تریشان لەناو ئۆپۆزیسیۆن بوو، ئەمەش كاریگەریی هەبوو لەسەر بەڕێوەبردنی كارەكانی حكوومەت، بە بۆچوونی من چوونە دەرەوەیان لە حكوومەت باشترە لەوەی كە وەك ئێستا لەناو حكوومەت مابوونەوە، ئەوان لە وەرگرتنی پۆست و پلە، لەناو حكوومەتدا بوون و بۆ دژایەتیكردنی ئەم حكوومەتەش كە خۆیان لەناوی بوون ئۆپەزیسیۆن بوون و ئەوان هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی".
دوێنێ چوارشەممە 20/12/2017، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری كشانەوەیان لە كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا.
باسنیوز
