کەرکووک.. ئاو و کارەبا بە گەڕەکە کوردنشینەکان کەمتر دەدرێت

کەرکووک.. ئاو و کارەبا بە گەڕەکە کوردنشینەکان کەمتر دەدرێت
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک-گەرمیان، ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی عێراقی لە کەرکووک جیاوازی لەپێدانی ئاو و کارەبا لەنێوان گەڕەکە کوردنشین و عەرەبنشینەکاندا دەکەن.



عەدنان کەرکووکی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "میلشیاکانی حەشدی شەعبی بەردەوامن لە کردەوەی توندوتیژی دژ بە ھاووڵاتییانی کەرکووک و ئەو خەڵکەی کە لە کەرکووکیشدا ماونەتەوە دۆخیان خراپە".



گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان، ئەوەشی خستە روو: "ئێستا حکوومەتەکەی حەشدی شەعبی لە کەرکووک تەنانەت جیاوازی لەپێدانی ئاو و کارەبا لەنێوان گەڕەکە کوردنشین و عەرەبنشینەکاندا دەکەن، ئاو و کارەبای گەڕەکە کوردنشینەکان کەمتر دەدرێت".



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.

bas news-
Top