کفری.. خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت قەدەغە کرا
قایمقامیەتی شارۆچکەی کفری، خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت قەدەغە کرد و ڕای گەیاند، کە سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە.
قایمقامیەتی قەزای کفری، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی نێردراوە، تێدا ھاتووە: "بەمەبەستی ھێورکردنەوەی دۆخەکە، ڕێگە بەھیچ خۆپیشاندانێکی بێ مۆڵەت نادرێت و بەپێچەوانەوە ئەنجامدەرانی ڕووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبنەوە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە: "ھەرکەسێک بە دەمامکەوە خۆپیشاندان بکات یاخود خۆی بخزێنێتە نێو خۆپیشاندەرانەوە، دەستگیردەکرێت و ڕاپێچی دادگا دەکرێت".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە "ھەرکات خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدرا بەشێوازی مەدەنییانە، بۆ ھیچ ھێز و لایەنێک نییە تەقە بەڕووی خۆپیشاندەراندا بکات".
قایمقامیەتی قەزای کفری جەخت لەوەش کردووەتەوە: "لەبەرئەوەی کفری ناوچەیەکی سنوورییە و چەندین گرووپی تیرۆریستی جووڵەیان لەناوچەکانی ھێڵی سوور و دەورووبەری کفری ھەیە، لەپێناو پاراستنی دۆخی ئەمنی ھەمووان و شارەکە ھەرکەسێک بیەوێت بەناوی خۆپیشاندانەوە ئاڵۆزی دروست بکات لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەکرێت".
دوێنێ 19/12/2017، ژمارەیەک لە ھاووڵاتیانی شاری کفری، خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و تێیدا بارەگای بەرەی تورکمانی و خاڵی پاسەوانی بارەگای لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان سووتاند.
bas news-
