ڤاڵا فەرید: ئەوەی بە ناوی خۆپێشاندانەوە کرا لە چوارچێوەی یاسا دەرچووە

ڤاڵا فەرید: ئەوەی بە ناوی خۆپێشاندانەوە کرا لە چوارچێوەی یاسا دەرچووە
سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ناوی خۆپێشاندانەوە لە ھەندێ ناوچەی ھەرێمی کوردستان ڕووی دا لە چوارچێوەی یاسا دەرچووە و دەشڵێت، پێویستە حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری ڕێکاری یاسایی بگرنە بەر و ڕێگە نەدەن زیان بە ھیچ کەس و لایەنێک بکەوێت.

دوای ئەوەی لە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە لە ژمارەیەک ناوچەی ھەرێمی کوردستان خۆپێشاندان کرا و دواتر خۆپێشاندانەکان گرژییان تێکەوت و زیانی ماددی و گیانیی لێ کەوتەوە، وەک سەرۆکی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی کوردستان، (د. ڤاڵا فەرید) ڕوونی کردەوە، دەچێتە خانەی تاوان و یاسایی نەبووە.

(د. ڤاڵا فەرید) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "یاسای خۆپێشاندان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و بە پێی ئەو یاسایە ھەموو خۆپێشاندان و گردبوونەوەیەک ڕێکخراوە، پێویستە خۆپێشاندانەکان لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا ڕێک بخرێن، ئەوەی بە ناوی خۆپێشاندانەوە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجام دراوە لەوەی ھەڵکۆتانە سەر بارەگای حزبی و فەرمانگەکانی حکوومەت و شوێنە گشتییەکان و زیانگەیاندن بە ھەرکەس و لایەنێک بەپێچەوانەی یاسا دادەنرێت و دەچێتە خانەی تاوانەکانەوە."

سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەوەی ڕووی دا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خۆپێشاندان نەبوون، چونکە لە یاسا دەرچوونە و پابەندی یاسا نەبوونە بۆ ئەوەی وەک مافێکی مەدەنی و یاسایی ڕێک بخرێت، ھەموو پەرلەمان دەتوانێت بە حکوومەت بڵێ پێویستە یاساکان وەک خۆی جێبەجێ بکرێن و دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی دەبێت لە مافی گشتی بپرسێتەوە، داواکاری گشتی بەرگری لە مافی گشتی و ھاووڵاتییانی زەرەرمەند بکات."

لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر خۆپێشاندانەکانی ڕۆژانی ڕابردوو، دکتۆر (ڤالا فەرید) گوتی: "ھێشتا پەرلەمانی کوردستان بڕیاری نەداوە لەبارەی ڕەوشی ئێستا و خۆپێشاندانەکان کۆ ببێتەوە، بەڵام لە حەفتەی دابێ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت و لەو کۆبوونەوەیەدا پێشبینی دەکەم باس لە ڕەوشی خۆپێشاندانەکانیش بکرێت."
kdp-
Top