چاودێرێکی سیاسی: ئەوەی لە سنووری سلێمانی ڕوو دەدات یاساشکێنییە

 	 چاودێرێکی سیاسی: ئەوەی لە سنووری سلێمانی ڕوو دەدات یاساشکێنییە
چاودێرێکی سیاسی باسی ڕەوشی پارێزگای سلێمانی دەکات و دەڵێ، گرژی و ئالۆزییەکان سنووری یاساییان تێپەڕاندووە و ئاڵۆزی لە ناوچەکە دروست دەکات.

دوو ڕۆژی ڕابردوو خۆپێشاندان سنووری پارێزگای سلێمانیی گرتەوە و چەند کوژراو و سەدان بریندار هەیە. لە سنووری ڕانییە و پیرەمەگروون و کفری و سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجە هێرش کراوەتە سەر بارەگا حزبییەکان. بارەگای زۆرێک لە حزبە سیاسییەکان سووتاون، بەتایبەت بەئامانجگرتنی بارەگاکانی پارتی، بە هۆی گرژی لە خۆپێشاندانەکاندا چەند دامەزراوەی حکوومی سوتێنراون و تاڵان کراون، بەو هۆیەوە هێزە سیاسییەکان داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکەن.

(ناسیح غەفوور)، چاودێری سیاسی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو پیلانەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی جێبەجێ دەکرێت و ئەوەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوو دەدات، خۆپێشاندانی جەماوەری نییە، داواکردن و باشترکردنی باری گوزەرانی خەڵك نییە، بەڵکو یاساشکێنییە، کە بە ‌هاندانی دوژمنان و پیادەکردنی خائینانی ١٦ی ئوکتۆبەر و هاوبیرانیان ڕوو دەدات، بۆ تێکدانی نێوماڵی کوردستان و پەرتەوازەیی لایەنەکانی و لەباربردن و لەناوبردنی هەرێمی کوردستانە".

(ناسیح غەفوور) گوتیشی: "بۆیە ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات پیلان و ڕێخۆشکردنە بۆ جێبەجیکردنی ئەو ئەجێندایە و خۆبەدەستەوەدان بە بە‌غدا، بۆ ئەوەی ئەم پارێزگایەش وەکو کەرکووك بکەوێتە ژێر دەستەڵاتی ئاغاکانیان".

هاوکات (دانا شەهید جەزا)، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بەداخەوە بارەگاکانی حزب و حکوومەت لەژێر مەترسیی هەڕەشە و سوتاندندان، بۆیە داوا دەکەین کە خۆپێشاندان ئاراستەی خراپ وەرنەگرێت و هیچ شوێنێکی گشتیی نەکرێتە ئامانج".
kdp-
Top