یەکێتیی پەرلەمانتاران: لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆخەکە لە بەرژەوەندی هەرێم یەکلایی دەبێتەوە
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جەخت لەسەر ئەنجامدانی دانوستاندن لە نێوان ھەرێم و بەغدا دەکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا ڕازی نییە گفتوگۆ بکرێت و ماوەیەکە وڵاتان، لەوانە فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمەریکا فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست دەکەن بۆ ئەوەی ڕازی بن لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارە بکرێن و ھەریەکە لە وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیاش بانگھێشتی حکوومەتی ھەرێمیان کردووە، بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەوکێشانە بکەن، چاودێرانی سیاسییش پێیان وایە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگی بە ھەرێمی کوردستان دەدات و پشتی تێ ناکات.
لەم بارەیەوە، سەرۆکی یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، (نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و ئێستایش بۆ ئەڵمانیا گرنگییەکی ئێکجار زۆری ھەیە، چونکە ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەو سەردانانەوە دەتوانێت ڕوونکردنەوەی پێویست بۆ ئەو وڵاتانە بدات، کە بەغدا ئامادەی گفتوگۆ نییە و باس لە پێشێلکارییەکانی ھێزە عێراقییەکان بکەن و ئەوانیش دەیانەوێت کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکرێت و زۆریش جیددین."
(نیعمەت عەبدوڵڵا) گوتی: "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی فشاری زۆر لەسەر بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی ئامادەی گفتوگۆ بن لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بۆیە بەغدا ناچارە ئامادەی گفتوگۆ بێت، ئەگەر ڕەتی بکاتەوە، ئەوکات زیان بە ئەوان دەگەیەنێت و دۆخەکەش لە بەرژوەندیی ھەرێم یەکلایی دەبێتەوە، چونکە بەغدا ھەڵەیە گەر وا بیر بکاتەوە ھەرێمی کوردستان شکەستی ھێناوە و ئەوان سەرکەوتوو بوونە."
لەبارەی غرووری حکوومەتی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی دانوستاندن (عەبدوڵڵا) باسی لەوە کرد: "ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە غرووری خۆی و ڕەتکردنەوەی داوای کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەوکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناچار دەبن، پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان بکەن و پشت لە بەغدا بکەن، بۆیە با بەغدا بزانێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشت لە ھەرێم ناکەن و ھەرێم ناوچەیەکی گرینگە بۆ ئەوان و دەیانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە ئەوکێشانە چارە بکرێن، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا دۆخەکە لە بەرژوەندیی ھەرێم یەکلایی دەبێتەوە."
kdp-
