سارتاج بوجاک: دەستی دەرەکی لە پشت خۆپێشاندەرانە
(سارتاج بوجاک)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: ''ئێمە لەگەل هەر جۆرە چالاکییەکی سڤیل و شارستانین و هەموو خەڵکیش لەگەڵیانە و ئێمەش پشتگیریی هەموو جۆرە خۆپێشاندانێک دەکەین، کە میکانیزمی دیموکراسی و ئاشتییانەی تێدا هەبێت.''
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور گوتیشی: '' کاتێک ئێستا نێوەی خاکی باشوور لەدەست داگیرکەراندایە و ئێستا میلیشیاکان سووکایەتی بە ئاڵا و تەواوی کوردستانییەکان دەکەن و خۆپێشاندەرانیش دەچنە سەر بارەگاکان و دەیسووتێنین و هێزە ئەمنییەکان دەکەنە ئامانج و چەک لە دژیان بەکار دەهێنن، ئەمە دوورە لە پرەنسیپە یاسایی و دیموکراسییەکان و بە ناڕەوای دەبینین و دەستێکی دەرەکی لە پشتیانە و بە هەموو شیوەیەک ئەم جۆرە کارانە ئیدانە دەکەین.''
ئەو، دەڵێ: ''ئەم کارانە دوور لە یەکهەڵوێستی و وڵاتپارێزیی کوردن و دەستی دەرەکی و نێوخۆییش لە پشتیانن و ئامانجیان تێکدانی ئاسایشی هەرێمە و ئێستا کورد دەبێ ئەوە بزانیت ئەم جۆرە خۆپێشاندانە هیچ لە بەرژەوەندییاندا نییە، چونکە ئێستا جگە لە یەکڕێزی و یەکهەڵوێستی، کورد پێویستی بە هیچی تر نییە.''
لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، (بوجاک) پەیامی ئاراستەی گەلی کورد دەکات و دەڵێت: ''دەبێ کورد و کوردستانییەکان لەوە تێبگەن کە ئێستا کورد هەموویان پێویستیان بە یەکترە و خۆتان دوور بگرن لە دەستی دەرەکی، چونکە تەنیا ئامانجیان لەنێوبردنی گەلی کوردە، دەزانین ڕەوشەکە خڕاپە، بەڵام خراپتری مەکەن، تەنیا یەکهەڵوێستیتان هەموو شتێک تێدەپەڕێنێت.''
kdp-
