میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە داقوق ھاووڵاتییەکی کوردیان رفاند

 میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە داقوق ھاووڵاتییەکی کوردیان رفاند
بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق، ئاشکرای کرد کە لە شارۆچکەی داقووقی سەر بە پارێزگای کەرکووک، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ھاووڵاتییەکی کوردییان بۆ شوێنی نادیار ڕفاندووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20/12/2017، فاروق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق، ڕایگەیاند: "لەنوێترین کردەوەی حەشدی شەعبیدا، ئەو چەکدارانە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییەکی کورد لە داقوق بەناوی محمەد سەعید تەقاندەوە، ئەو ھاووڵاتییەشیان بۆ شوێنی نادیار رفاندووە، تائێستاش چارەنووسی نادیارە".

بەڕێوەبەری ئاسایشی داقوق، ئەوەشی خستە روو، کە رفاندنی ھاووڵاتییان لە داقوق زۆر بووە و گوتیشی: "میلیشیاکان ڕۆژانە خانووی ھاووڵاتییان دەتەقیننەوە و دۆخەکە بەشێوەیەکە ترس و دڵەڕاوکێی لای ھاووڵاتییان دروست کردووە".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".









باسنیوز
Top