پەرلەمانتارێکی پارتی: خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بە کەس ناشاردرێتەوە
نازم ھەرکی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە داوای مافەکانی خۆیان بکەن، بەڵام دەبێ بە شێوەیەکی مەدەنییانە بێت، چونکە ئەوەی ئێستا لە سلێمانی و دەوروبەری دەبینرێت، ئەوا جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکییە، ھەروەھا باڵی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لە پشتی ئەم ڕووداوانەوەن و دەیانەوێ بەم شێوەیە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر پەردەپۆش بکەن و بیشارنەوە، بەڵام ئەو خیانەتە نە بە من و نە بە کەسی دیکە ناشاردرێتەوە و مێژووش شایەتی بۆ ئەو خیانەتە دەدات".
جێگری سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش بەرپرسیارێتیی ئەم ھێرشکردنەی سەر بارەگاکانی پارتی و حزبەکانی دیکە دەخاتە ئەستۆی یوسف محەمەد، شاسوار عەبدولواحید و باڵی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، دەشڵێت: "لە سنووری زۆنی سەوزدا پارتی بەرپرسیار نییە لە کەموکوڕییەکان، چونکە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی لە حکوومەت دان و نیوەی حکوومەتیش بە دەستی یەکێـییەوەیە و ئەوان بەرپرسی ئیدارەدانی ئەو ناوچانەن و لە کەمووکوڕییەکانیشی بەرپرسیارن، بۆیە من لەوان دەپرسم بۆ ھێرش دەکرێتە سەر بارەگای پارتی لە کاتێکدا پارتی بەپرسیارێتی لەو ناوچانە نییە؟ ھەرچەندە ئەم ڕووداوانە پلانی پێشوەختەی بۆ داڕێژراوە".
نازم ھەرکی ڕوونیشی کردەوە: "یوسف محەمەد و شاسوار عەبدولواحید لە شاشەکانەوە ڕایان گەیاندووە کە ئەوان دەستپێشخەرن بۆ ئەو خۆپیشاندانانە، لە کاتێکدا خۆپیشاندان دەبێ بە یاسایی و مەدەنییانە بخرێ، بەڵام ئەمان بەلاڕێیاندا دەبەن و ئەوەش پێشێلکارییە بەرامبەر داواکارییەکانی ھاووڵاتییان، چونکە ئەوان ئەجێندای دەرەکییان جێبەجێ کردووە".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
