دیندار دۆسکی: هەوڵ دەدرێ پاساوی هێرشکردنە سەر کوردستان بە بەغدا بدرێت

 دیندار دۆسکی: هەوڵ دەدرێ پاساوی هێرشکردنە سەر کوردستان بە بەغدا بدرێت
دامەزرێنەرێکی یەکگرتوو ئیسلامیی کوردستان باس لەوە دەکات کە ئامانجی توندوتیژییەکان و خۆپیشاندانەکەی سلێمانی مەترسیدارترە لەوەی پێشبینی بکرێت، چونکە گومان لە بەلاڕێدابردنی دەکرێت.

دیندار نەجمان دۆسکی، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە ئێستا دەستی لەکار کێشاوەتەوە، ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوەیە بۆ ئەوەی ئەورووپا رازی بکات بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا، کەچی لە کوردستان خۆپیشاندان کرا و لەناو خۆپیشاندانیشدا چەک بەکار ھێنرا و داوا کرا شاندێک بەبێ ئاگاداریی حکوومەت، لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، لەو لاشەوە بەغدا ھەڕەشەی جووڵاندنی ھێز دەکات و ئەمانە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ھۆکارێک ھەیە بۆ ئەوەی ھەولێر و بەغدا نەگەنە یەک و بیانوو بدرێتە بەغدا بۆ ھێرشکردن بۆ سەر کوردستان، یان کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی کوردستان".

ئەو دامەزرێنەرەی یەکگرتوو ئاماژەشی بەوە کرد، دەزگای ڕاگەیاندن و گوتاری گۆڕان و کۆمەڵ و بەشێک لە یەکێتی، لە پشت خۆپیشاندانەکانەوەیە. گوتیشی: “خەڵک مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بکات، بەڵام قسەکە ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانەی دوایی بۆچی بەکارھات؟ بێگومان بۆ پچڕاندنی زیاتری نێوان بەغدا و ھەولێر کراوە، چونکە سووتانی بارەگای حزبی ماف نییە، پارەی تێدا نییە و کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵام پێم وا بێت پارتی و یەکێتی عاقڵانە مامەڵەیان کرد، ئەگینا، دۆخەکە ئاراستەی دیکەی وەردەگرت".

نەجمان دۆسکی، لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو: "لەناو خۆپشانداندا دروشمی جۆراوجۆر ھەبوون، بەشێکیان مەترسیداربوون و بەشێکیان ئاراستەکراو بوون، بۆ ئەوەی شەرعیەت بە سوپای عێراق بدرێت بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان، ئەمە پلانە بە کاری ڕێکخراوەیی کراوە".











باسنیوز
Top