ئەمریکا: دەبێ ئەنجومەنی ئاسایش هەوڵەکانی لەدژی ئێران بخاتە گەڕ
نیکی هیلی، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، جارێکی دیکە لەبارەی هاویشتنی مووشەکە بەرەو سعوودیە، ئێرانی تۆمەتبار کرد و لە وتارێکدا لە ئەنجومەنی ئاسایش گوتی: "نیشانەکانی ئەو مووشەکە، هەمان مووشەکەکانی پێشوون کە بەرەو سعوودیە هاوێژراون و لەلایەن ئێرانەوە دراونەتە میلیشیا شیعە حووسیەیەکان".
نیکی هیلی داوای هەوڵی خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی بەرانبەر بە ئێران کردووە گوتوویەتی: "ئێمە دەبێ هەموومان پێکەوە هاوکار بین هەتا جینایەتەکانی حکوومەتی ئێران لەقاو بدەین و هەر کارێک کە پێویست بێت ئەنجامی دەدەین هەتا لەوە خاترجەم بین ئەوان پەیامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان وەرگرتووە".
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە درێژەدا دەڵێت: "ئەگەر ئێمە ئەو کارانە ئەنجام نەدەین، ئێران زۆر دنیا و بەتایبەت ناوچەکە تووشی قەیرانی قووڵتر دەکات و گرفتەکان پەرە دەستێنن".
لە بەرانبەر ئەو قسانەی "نیکی هیلی"دا بەهرام قاسمی، گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئاشکرای کردووە: "ئێران هیچ چەشنە پیەوەندییەکی بە هەناردنی چەکوچۆڵ بۆ حووسییەکانی یەمەنەوە نییە".
باسنیوز
