پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ئەگەر هەیە عەبادی بڕیاری ناردنی هێز بۆ داگیرکردنی سلێمانی بدا

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان: ئەگەر هەیە عەبادی بڕیاری ناردنی هێز بۆ داگیرکردنی سلێمانی بدا
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ ئەگەری ئەوە ھەیە عەبادی بڕیاری ناردنی ھێز بۆ سلێمانی بدات و ئامانجیشی لەوە داگیرکردنە نەک چارەسەری ڕەوشەکە.



ئەمین بەکر، پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ، ڕایگەیاند: تائێستا نازانین حکوومەتی عێراقی ھێز دەنێرێ بۆ خۆپیشاندانەکانی سلێمانی یان نا، بەڵام ئەگەر ھێزە ئەمنییەکان نەتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن، ئەو کاتە عەبادی دەتوانێ سوپای عێراقی ڕەوانەی شاری سلێمانی بکات".



ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ھیوادارین نەگات بەو ڕۆژەی عەبادی سوپای عێراق بۆ سلێمانی بھێنێت، چونکە ئێمە لەوە دەترسین و دەزانین ئەگەر ھێزە عێراقییەکان بێن، بە نیەتی ئەوە نایەن بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵکو بە مەبەستی داگیرکردنی شاری سلێمانی دێن".



ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان پێیوایە کە نابێت ڕێگە بدرێت سوپا یان ھەر ھێزێکی عێراقی بێتە ھەرێمی کوردستان و پێویستە کورد خۆی کێشەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات.



زیاتر گوتی: "عەبادی حەز دەکات سوپای عێراقی نەک تەنیا بۆ شاری سلێمانی، بەڵکو بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان بنێرێت". جەختیش لەوە دەکاتەوە کە نابێت ھیچ بیانووێک بدرێتە دەست سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی بڕیاری ناردنی ھێز بۆ سلێمانی و ھەرێمی کوردستان بدات.



ڕۆژی سێشەممە 19/12/2017، (باسنیوز) بڵاوی کردەوە کە تاڤگە ئەحمەد، نوێنەری سلێمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەسەر فراکسیۆنی گۆڕان کورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێنا و دواتر لە فراکسیۆنەکە دەرکرا، داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، دەستێوەردان لە هەرێمی کوردستاندا بکات و ڕەخنەی ئەوەی لە عەبادی گرتووە کە لە دەستێوەردانەکەیدا دواکەوتووە.



باسنیوز
Top