ئەمریکا: سزاکانی عێراق بۆ سەر کوردستان زیان بە هەردولا دەگەیەنێت
هیزەر نوێرت، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی (کوردستان 24)دا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بەردەوامە لە داواکردن لە بەغدا و هەولێر بۆ دەست پێ کردنەوەی دانوستاندنەکان.
هیزەر نوێرت هەروەها رایگەیاندووە، ئەو سزایانەی حکوومەتی عێراق بەسەر گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیدا سەپاندووە، ”زیان بە هەردوولا دەگەیەنێت“.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ـی ئەیلوولی 2017، کە تێیدا زیاتر لە %92ـی دەنگدەران دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا، حکوومەتی عێراق چەندین سزا و گەمارۆی ئابووری و ئاسمانی خستە سەر گەلی کوردستان.
بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار ئامادەییان دەربڕیوە بۆ دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بەڵام حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەڵوێست و هەڕەشەکانی لە دژی گەلی کوردستان بەردەوامە.
بەشێک لە چاودێران پێیان وایە هەڕەشەکانی حەیدەر عەبادی لە دژی کوردستان بۆ شاردنەوەی شکست و گەندەڵییەکانی خۆی و حکوومەتەکەیەتی و هاووڵاتییانی عێراقیش بە گاڵتەوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێن، ”باشترە رەوشی ژیانی عێراقییەکان چارەسەر بکەی نەک هەموو رۆژ هەڕەشە لە کوردستان بکەی“.
باسنيوز
