مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئاژاوەگێڕان بارەگاکانی پارتییان لە سەرووی ئامانجەکانیان داناوە

 مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئاژاوەگێڕان بارەگاکانی پارتییان لە سەرووی ئامانجەکانیان داناوە
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، پەلاماردانی شوێنە گشتییەکان و دامەزراوە حکوومی و حزبییەکان خۆپیشاندانەکەی دوو ڕۆژی ڕابردووی لە مۆرکی مەدەنییانە داماڵیوە و ”ئاژاوەگێڕان بارەگاکانی پارتییان لە سەرووی ئامانجەکانیان داناوە“.



بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە شەوی ڕابردوو بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە: ”ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای ئەوەی کە خۆپیشاندان بە مافی خەڵک دەزانین بۆ داواکردنی مافی ڕەوای خۆیان کە تەواو لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت دێتەوە و لەو کاتەش کە دەنگمان دەخەینە پاڵ ئەو دەنگە پاکانەی کە داوای چاککردنی ژیان و بژێویی خەڵک دەکەن، پارتیمان بە پەرۆشەوەیە کە حکوومەت مشوری ئەو خاڵە گرنگە بخوات“.



جەختیشی لەوە کردووەتەوە: ”پارتی دژی ھەر رەفتار و کردار و دەستدرێژی و پەلاماردانێکی شوێنە گشتی و دامەزراوە حکوومی و حزبییەکانە کە لێرەدا کردار و رەفتاری ئەو کەسانە خۆپیشاندانەکەی تەواو لە جەوھەر و مۆرکی مەدەنییانەی خۆی دا‌ماڵی و بە خۆپیشاندانێکی چەکداریی ‌خۆی وەدەرخست. دیاریشە کە ئاژاوەگێڕان بارەگاکانی پارتیمانیان لە سەرووی ئارمانجەکانیان داناوە. لێرەدا داوا لە دەزگا ئەمنییە پەیوەنددارەکان دەکەین بە ئەرکی سەرشانی خۆیان ھەڵسن لە پاراستنی گیانی کەسانی نێو ئەو دامەزراوانە و نەیەڵن رووداوەکان بە ئاقاری ناشرینکردنی کوردستان و ئەزموونەکەی بەرن“.



مەکتەبی سیاسیی پارتی داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو شاڵاوە ”قێزەون و ناشارستانییانە“ بکەن کە ھەڕەشە لە ھەرێمی کوردستان و ئەزموونە دیموکراسییەکەی دەکات.



دووپاتیشی کردووەتەوە: ”ھێنانەدیی بەشێکی زۆری خواست و داواکانی خەڵک و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە بە ھەوڵ و کۆششی ھەموولایەک دەبێت بە مەبەستی زەمینە خۆشکردن بۆ ھەڵبژاردنێکی دیموکراتی و پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ کە وێڕای ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، خزمەتگوزاری و دادپەروەری لە سەرووی لیستی ئەرکەکانی بێت“.



لە کۆتاییشدا مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: ”ئێمە، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ھاوپەیمانانمان لە لایەنە سیاسییە کوردستانییە خەباتگێڕەکان کە قوربانییەکی بێ شومارمان لەپێناو گەل و نیشتمان بەخشیوە، ھەموو ھەوڵ و کۆششێکمان دەخەینە گەڕ بۆ پاراستن و پێشخستنی ئەم دەسکەوتە پیرۆزە کە بەھای ئەو قوربانییەیە“.




باسنيوز
Top