بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق: ئەوانە خۆپێشاندەر نین بەڵکو پێشتر ڕێنوێنی کراون

بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق: ئەوانە خۆپێشاندەر نین بەڵکو پێشتر ڕێنوێنی کراون
ھاوشێوەی شارەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، لە کۆیە و تەقتەقیش چەند کەسێک بە ناوی خۆپێشاندانەوە، ھەڵیانکوتایە سەر بارەگا حزبی و حکومییەکان و سوتاندیان، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەقیش دەڵێ، ئەوانە خۆپێشاندەر نین.

بەیانیی ئەمڕۆ ١٩ی ١٢ی ٢٠١٧ ھاوشێوەی سلێمانی، ھەڵەبجە، کفری، ڕانیە، پێنجوێن و چەند ناوچەیەکی دیکە، لە کۆیە و تەقتەقیش خۆپێشاندان دەستی پێ کرد، دوای ماوەیەک بشێوی و ئاڵۆزی دروست بوو و خۆپێشاندەران ھێرشیان کردە سەر باڵەخانەی قایمقامییەتی کۆیە و ئاگریان تێبەردا، کە بە ھۆیەوە بەشێکی بیناکە سووتا.


پەیوەست بەم ڕووداوە، بەڕێوەبەری ناحیەی تەقتەق، (حاکم عومەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوانەی بە ناوی خۆپێشاندانەوە بینا حوکمی و بارەگا حزبییەکان دەسووتێنن لە سنووری تەقتەق و کۆیە خۆپێشاندەر نین و چەند کەسێکن، دەستێکی سیاسییان لە پشتەوەیە و پێشتر ڕێنوینی کراون و زیانی گشتییان بە تەواوی بارەگا حکوومی و حزبیەکان گەیاندووە.''

بە وتەی چەند شایەتحاڵێک لە قەزای کۆیە و تەقتەق چەند کەسێکی گێرەشێوێن بە ناوی خۆپێشاندان ھەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگا حزبی و حکوومییەکان و، بیناکان دەسووتێنن، خۆپێشاندەرەکان گوایە لە دژی گەندەڵیی حکوومەت و نەبوونی کارەبا و مووچە خۆپێشاندان دەکەن، بەڵام لە ئەمانە دامەزاروەکانی حکوومیی وەک قایمقامیەت و ڕەگەزنامەی باری کەسی و بینایەی کارەبا، کە سەر بە حکوومەتن دەسووتێنن، دواجاریش دەبێ ئەم بینایانە بە پارەی پشکی هاووڵاتیان چاک بکرێتەوە.
KDP-
Top