"گەڕانەوە بۆ دەستپێشخەرییەکەی پارتی باشترین بژاردەیە بۆ چارەی قەیرانەکان"
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا خۆپێشاندانی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزیی تێ کەوتووە، لە ئەنجامدا چەندین بارەگای حزبی و حکوومی سوتێندراون، هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش بەشێکیان بە دۆخی سیاسیی کوردستان ڕازی نین، بەشێکیان پێشتر داوای حکوومەتی ڕزگاریی نیشتمانیان کردووە و بەشێکی دیکەش ڕەخنەیان لە شێوەی بەرێوەچوونی حکوومەت هەیە، (خەسرەو گۆران)، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "باشترین بژاردە ئەوەیە کە لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ پیشنیاری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەویش هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، چونکە ئەوە تاکە ڕێگایە سەرجەم لایەنەکان لە بۆچوونێکدا کۆ بکاتەوە و پێشتر (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری پەرلەمانی کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکات بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، گرینگە ئەم پەیامە بدرێتە هەموو لایەنەکان، کە ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان، بە پێچەوانەوە ڕەنگە بیانخاتە بەردەم واقعێک، ئەویش، یان ئەوەتا دەبێ بێنە پێشەوە لەگەڵ حکوومەت بە فیعلی کاری خۆیات بکەن، یان ئەوەتا دەبێ ببنە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بۆچوونەکانیان لە دەرەوەی ڕێسا و یاساکان نەبێت و ئۆپۆزسیۆنی فیعلیی سیستەمی حوکمڕانی بن".
(خەسرەو گۆران) ئەوەشی خستە ڕوو: ''پارتی دیموکراتی کوردستان پێی وایە هەڵبژاردن تاکە چارەسەرە و پارتی سڵی نەکردووەتەوە لە هەڵبژاردن، ئەگەر لایەنەکانی دیکەش قبووڵیانە دەبێ بێنە ژێرباری هەڵبژاردنەوە.''
KDP-
