پارتی لە سلێمانی: ھەندێک لایەن و کەسایەتیی سیاسی دەیانەوێ پارتی بکەنە ئامانج

پارتی لە سلێمانی: ھەندێک لایەن و کەسایەتیی سیاسی دەیانەوێ پارتی بکەنە ئامانج
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-ھەڵەبجە گوتی، ئەوان لەگەڵ خۆپێشاندانی مەدەنیدان، بەڵام ھەندێک ھێز و کەسایەتیی سیاسی دەیانەوێت دەست بخەنە ناو خۆپێشاندان و لەو ڕێگەیەوە پارتی بکەنە ئامانج.

ئەمڕۆ لە ھەندێک ناوچەی سنووری سلێمانی خۆپێشاندان ئەنجام دراوە و لە ھەندێک شوێن ئاراستەی خۆپێشاندان بەرەو توندوتیژی ڕۆیشتووە و لە ھەندێک ناوچەش نیازی ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە.

(عەتا شێخ حەسەن)، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-ھەڵەبجە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "خۆپێشاندانی مەدەنیانە مافی خەڵکە و ئێمە لەگەڵیداین، بەڵام ئێمە ھەر لە سەرتاوە ھۆشداریمان دا ھەندێک لایەن و کەسایەتیی سیاسی دەست دەخەنە ناو ئەو خۆپێشاندانانە، بۆیە ئێستا دۆخەکە بەو ئاراستەیەیە کە دەست بخەنە ناو خۆپێشاندانەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە ئامانج.

)عەتا شێخ حەسەن) گوتیشی: "ئێمە بە ھەموو تواناوە شکۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دەپارێزین و ڕایدەگرین و ڕێگری لە ھەر ھەوڵێک دەکەین، چونکە مێژووی پارتی ھەمیشە بە گەورەیی ماوەتەوە و ھەر بەو شێوەیەش دەمینێتەوە و ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن تەنھا شەرمەزارییان بۆ دەمینێتەوە."
KDP-
Top