"ئەڵمانیا بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی دەتوانێ یارمەتیدەری هەرێم بێت"

سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان و ئەڵمانیا دەڵێت، ئەڵمانیا لە بواری بازرگانی و ئابووریدا دەتوانێت ھاوکار بێت بۆ کوردستان و تێپەڕاندنی تەنگژە دارایییەکانی کوردستان. کوردستانیش دەتوانێت ژینگەیەکی گرینگی کار و کەرەستە بێت بۆ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان، بەتایبەت لە بواری وزە.

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەردانی ئەڵمانیای کرد، ئەویش بە بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی ئەڵمانیا بوو.



(د. هێمن عومەر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ھەرێمی کوردستان وەک ئه‌کتەرێکی نادەوڵەتی، توانیویەتی ڕایەڵەیەکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ ئەڵمانیادا دروست بکات. ئەم پەیوەندییە سیاسییە - دیبلۆماسییە لە کاتی جەنگی دژی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە لایەن ھێزی پێشمەرگەوە، بەرەو ھەڵکشانی زیاتر چوو؛ ١٥٠ ڕاھێنەر و ڕاوێژکاری سەربازیی ئەڵمانی لە کوردستاندا ھاوکاری پێشکەشی پێشمەرگە دەکەن. ئەم بابەتەش ڕەھەندێکی یاساییی ھەیە و لە پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگی لەسەر دراوە و تا ساڵی ۲٠۱۹ درێژ کراوەتەوە بە دەنگی ٤٣٦ ئەندام پەرلەمان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، تا ئیستا ٥٠٠٠ هەزار پێشمەرگە ڕاهێنان پێ كراوە.



بە گوێرەی وێبسایتی گلۆبال فایرپاوەر، ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا لە ڕووی سەربازییەوە لە ڕیزبەندی ھەشتەمین دەوڵەتانی دنیایە؛ کە ئەم پێگەیەش گرنگییەکی زۆر دەداتە ئەڵمانیا. لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقاشدا ئەڵمانیا بەشداریی کارای لە چەندین پرۆسەی سەربازیدا ھەیە.



گوتیشی: ''بۆ ئەڵمانیا ئەمە یەکەمین ساتە لە دوای جەنگی جیھانیی دووەمەوە چەک بداتە ھاوپەیمانێکی خۆی و، ئامادەسازی بکات بۆ ھاریکاریی سەربازی. ئەڵمانیا نەک لەگەڵ ئه‌کتەرە نادەوڵەتییەکان، بەڵکو لەگەڵ ئه‌کتەرە دەوڵەتییەکانیشدا ئەو چەکانەی بە هیچ شوێنیک نەداوە؛ ئەمەیش بەرھەمی کۆمەڵێک بەھای گرنگە کە کوردستان توانیویەتی لە بواری دیبلۆماسیدا وەبەرھێنانی پێ بکات و، بە سوودی خۆی بەکاری بھێنێت.

لە پاش ئەمەریکا و چین و ژاپۆن، ئەڵمانیا خاوەنی چوارەمین ئابووریی گەورەی جیھانە و، خاوەنی باشترین ئابووریی ئەوروپایە .

سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردستان و ئەڵمانیا گوتیشی: ''ھاریکاریی پێدانی چەکی ئەڵمانی بە ھێزی پێشمەرگە، کە لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ تێپەڕی کرد، دەرخەری نیشانەیەکی پۆزەتیڤی پەیوەندییەکانی نێوان باشووری کوردستان و ئەڵمانیایە. ئەمەیش بووەتە ھاریکارییه‌كی گرنگ بۆ ھێزی پێشمەرگە لە دۆخی سەختی جەنگ دژی داعشدا. تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠٠ تۆن چەک بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانە کراوە.''

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی (نێچیرڤان بارزانی) بڕیارە لەگەڵ کۆمسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا و ڕاوێژکاری ئەو وڵاتە، (ئەنگێلا مێرکل) کۆ ببێتەوە.
KDP-
Top