خەڵک لە نێو شنگالدا داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن
لە دوای (١٦)ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ باڵێکی نێو لایەنێکی کوردستان، کەرکووکی بەدەست حەشدی شەعبییەوە دا و ڕێگایان بۆ کردەوە تاکو دەستیان بەسەر ناوچە کوردستانیەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمدا گرت.
(وەیس نایف)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "خەڵکی شنگال زۆر لەو هێزە بێزار بووە و ئەوان گامارۆی ئابوورییان خستووەتە سەر شنگال و باری ژیانی خەڵکی شنگال لەوپەڕی خڕاپیدایە و ئەوان بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی خەڵک دەکەن و ئێستا خەڵک کەوتووەتە نووسین لەسەر دیوارەکانی شاری شنگال و دیوارەکانیان پر کردووە لە داوای گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناو شنگال."
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال ئاماژەیشی دا: "چونکە ڕەوشی ئابووری و ژیانی خەڵکی شنگال لە دوای نەمانی داعش و پێش داعشیش باش نەبوو و ئێستاش دوای هاتنی حەشدی شەعبی و گرتنی هەموو ڕێگاکان لەسەر خەڵکی شنگال دۆخەکە زۆر خڕاپتر بووە."
پێش چەند ڕۆژێکیش لە شنگال کێشە کەوتە نێو باڵەکانی حەشدی شەعبی و کەسێک کوژرا و چەند کەسێكی دیکەش بریندار بوون و پاشان لە دژی هەبوونی حەشدی شەعبی خۆپێشاندانیان ئەنجام دا.
/KDP-
