سکرتێری پارتێکی میسری: کورد گەلێکی جەنگاوەر و خاوەن مێژوو و کەلتووری گرینگە
بەرپرسی نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر، (شێرکۆ حەبیب)، سەردانی بارەگای حزبی سۆشیالستی میسری لە قاهیرە کرد و، لە لایەن سکرتێری حزب، (ئەحمەد بەهادین شەعبان) و ئەمینداری گشتی و دکتۆرە (کەریمە ئەلحفناوی) و (د. محەمەد حەسەن خەلیل)، ئەندامی مەکتەبی سیاسییەوە بە گەرمی پێشوازیی لێ کرا.
نوێنەری پارتی لە قاهیرە خۆشحاڵیی بۆ ئەم دیدار و پێشوازییە دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەتایبەتی و حزبەکان و میللەتی میسر بەگشتی زیاتر پێشکەوتن بە خۆیەوە ببێنێت، هەروەها کورتەیەکی سەبارەت بە مێژووی پارتی و دامەزراندنی و شێوازی کارکردن و بەشەکانی باس کرد.
سەبارەت بە پرۆسەی ڕاپرسییش گوتی، وەک مافێکی یاسایی و سروشتیی میللەتی کوردستان لە ئاکامی پابەند نەبوونی بەغدا بە دەستوور ئەنجام درا، کە بارودۆخی عێراقی گەیاندە ئەمڕۆ، ئاماژەی بە پێشبینی و هەوڵەکانی جەنابی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ چارەکردنی قەیرانەکان و دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی و پێکەوەژیان.
لە تەوەرێکی دیکەدا بەرپرسی نووسینگەی پارتی تیشکی خستە سەر قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا.
لە لایەکی دیکەوە ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ چارەکردنی گرفتەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای دەستووری عێراق، هەروەها جەختی لەسەر ڕەوشی ئەمرۆی کوردستان کرد لە تەبایی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە جیاجیاکان. سەبارەت بە گرفتی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش ئاماژەی بە پێشنیاری (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ڕای میللەت لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە.
سکرتێری حزبی سۆشیالستی میسری خۆشحاڵیی بۆ ئەم سەردانە دەربڕی و ئاماژەی بە گرینگیی پتەوکردنی پێوەندییەکانی نێوان هەردوولا دا، گەلی کوردی بە میللەتێکی قارەمان و جەنگاوەر باس کرد و بەبایەخەوە ئاماژەی بە مێژوو و کەلتووری کورد کرد. سەبارەت بە گرفتەکان، دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و چارەکردنی بە پابەندبوون بە دەستوور بە شیاوترین ڕێگا هەژمار کرد، هەروەها جەختی لەوە کرد، کە پێویستە بایەخ بە لایەنی کەلتووری و ڕۆشنبیریی نێوان هەردوو گەلی میسری و کورد بدرێت لە ڕێگای سازکردنی دیدار و کۆڕ و سەردانی یەکدی و هیوای خواست میللەتی کورد بە ئاواتی خۆی بگات.
KDP-
