حزبەکانی شیوعی و بزووتنەوە و سۆسیالیست ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە چارەسەر دەزانن

 حزبەکانی شیوعی و بزووتنەوە و سۆسیالیست ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە چارەسەر دەزانن
حزبەکانی شیوعی، بزووتنەوە و سۆسیالیست ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە چارەسەر دەزانن، بۆ ئەم مەبەستەش پشتگیری لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکەن.

دوێنێ شەو 17 لەسەر 18/12/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت لەنامەیەکدا بۆ پەرلەمانی کوردستان، داوای کرد کە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و لەماوەی سێ مانگدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردن بکات.

لەوبارەوە ھەندرێن ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی کوردستان، رايگەیاند: "پێیمان وایە لەگەڵ کانێچیرڤان بارزانی، لە دواکۆبوونەوەی خۆمان ئەو باسەمان کرد، ھەڵبژردن باشترین چارەسەرە بەشێوەیەکی ستاندار و واقعیانە بۆ دەربازبوونی کوردستان لەم قەیرانە".

ھاوکات سەلام کەریم عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، گوتی: "بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئامادەیە، بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە و یەکێک لەبژاردەکانی بەردەممان ئەوەیە کە دەبێت ھەڵبژلردن لە کات و ساتی خۆی بکرێت، بۆیە ئێمەش ئەو پەیامە وەردەگرین و باشترین بژاردەیە بۆ ڕزگاربوون لە موزایەدەی سیاسی".

ھەروەھا فاتح رەئوف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان وەک حزبی سۆسیالیست، لەگەل ھەڵبژاردنی پێشوەختەن و دەبێت ھەڵبژاردن لەکات و ساتی خۆی بەرێوە بچێت، گوتیشی: "پێیمان وایە زۆر گرفت ھەیە دەبێت بەھەڵبژاردن چارەسەر ببێت".












باسنيوز
Top