مستەفا چاوڕەش: بەبێ کۆسرەت ڕەسوڵ کۆنگرەی یەکێتی ناکرێت

 مستەفا چاوڕەش: بەبێ کۆسرەت ڕەسوڵ کۆنگرەی یەکێتی ناکرێت
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو وادەیەی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە ڕاگەیاندراوە، بڕیاری لێ نەدراوە و ”دەبێ لەسەر ڕێک بکەوین“. جەختیشی کردەوە کە بەبێ کۆسرەت ڕەسوڵ کۆنگرەی حزبەکەی ناکرێت.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە، لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2017ی ڕۆژنامەی فەرمیی حزبەکەی ڕا گەیاند، ئەوان بەباشی دەزانن 7ی ئاداری 2018 کۆنگرەی یەکێتی ئەنجام بدرێت.

لە بەرامبەردا مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: ”ھەموومان کۆنگرە بە پێویست دەزانین، شتێکە ڕەنگە ئەو دۆخە چەقبەستووەی میللەتەکەمان و ناوخۆی یەکێتی بەو ھەموو کێشە و گرفتانەوە بگۆڕێت“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەو وادەیەی کە دیاری کراوە و باس لە 7/3/2018 دەکرێت، ئەگەر دابنیشین و ڕێککبکەوین لەسەری، زۆر شتێکی باشە و پشتیوانی لێ دەکەم، چونکە کۆنگرە گەورەترین دەسەڵاتە لە ناو ھەموو حزبێکدا“.

مستەفا چاوڕەش دووپاتی کردەوە کە ئەنجامدانی کۆنگرە بۆ دۆخی ناوخۆی یەکێتی خراپ نییە، بەڵام: ”کۆنگرەیەک ھی ھەمووان بێت، ھی ھەموو بەشەکانی یەکێتی بێت، بە خۆشەویستیمان بۆ ڕێبازی مام جەلال و بۆ خەباتی یەکێتی، بەو ڕۆحیەتە ھەوڵبدەین یەکێتی سەرکەوتوو بێت“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە تەندرووستیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی باشە، بەڵام ”جارێ لە دەرەوەیە و بەو نیازەی بگەڕێتەوە، بۆیە دەبێ ئەو بگەڕێتەوە و بەبێ ئەویش کۆنگرە ناکرێ، چونکە کاک کۆسرەت جێگری سکرتێرە و بڕەیارەکە لەوەوە دەردەچێت“.










باسنیوز
Top