مستەفا چاوڕەش: بەبێ کۆسرەت ڕەسوڵ کۆنگرەی یەکێتی ناکرێت
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسی یەکەمی باڵی دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە، لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە 18/12/2017ی ڕۆژنامەی فەرمیی حزبەکەی ڕا گەیاند، ئەوان بەباشی دەزانن 7ی ئاداری 2018 کۆنگرەی یەکێتی ئەنجام بدرێت.
لە بەرامبەردا مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند: ”ھەموومان کۆنگرە بە پێویست دەزانین، شتێکە ڕەنگە ئەو دۆخە چەقبەستووەی میللەتەکەمان و ناوخۆی یەکێتی بەو ھەموو کێشە و گرفتانەوە بگۆڕێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەو وادەیەی کە دیاری کراوە و باس لە 7/3/2018 دەکرێت، ئەگەر دابنیشین و ڕێککبکەوین لەسەری، زۆر شتێکی باشە و پشتیوانی لێ دەکەم، چونکە کۆنگرە گەورەترین دەسەڵاتە لە ناو ھەموو حزبێکدا“.
مستەفا چاوڕەش دووپاتی کردەوە کە ئەنجامدانی کۆنگرە بۆ دۆخی ناوخۆی یەکێتی خراپ نییە، بەڵام: ”کۆنگرەیەک ھی ھەمووان بێت، ھی ھەموو بەشەکانی یەکێتی بێت، بە خۆشەویستیمان بۆ ڕێبازی مام جەلال و بۆ خەباتی یەکێتی، بەو ڕۆحیەتە ھەوڵبدەین یەکێتی سەرکەوتوو بێت“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە تەندرووستیی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی باشە، بەڵام ”جارێ لە دەرەوەیە و بەو نیازەی بگەڕێتەوە، بۆیە دەبێ ئەو بگەڕێتەوە و بەبێ ئەویش کۆنگرە ناکرێ، چونکە کاک کۆسرەت جێگری سکرتێرە و بڕەیارەکە لەوەوە دەردەچێت“.
باسنیوز
