بارەگایەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری سلێمانی سووتێنرا
کەمێک لەمەوبەر ئەو خۆپیشاندەرانە بارەگاکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شارەدێی پیرەمەگروون لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی سووتاندووە.
فازڵ ڕەئووف، بەرپرسی لقی 21 پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری شاری سلێمانی، ڕايگەیاند، لە پیرەمەگروون هێرش کراوەتە سەر بارەگای لێژنەی ناوچەی پارتی و ”بەرپرسی ناوچەکەش بریندارە“ و سووتێندراوە. گوتیشی: ”ئەمە لە کاتێکدایە کە بارەگای کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە تەنیشت بارەگای ناوچەی پارتییە و هێرشییان نەکراوەتە سەر، کەچی هێرش کراوەتە سەر لێژنەی ناوچەی پارتی“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئێمە لێژنەی ئەمنی بە بەرپرسیار دەزانین و کەمتەرخەم بوون، سەرەڕای ئەوەی هەر حزبێک بە فەرمی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکە کردبێت، لە ڕووداوی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی بەرپرسیار دەبێت“.
جگە لە پیرەمەگروون، حەسەن جەباری، کارگێڕی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: ”خۆپیشاندەران لەناو شاری سلێمانی بە قسەی نەشیاو و سووکایەتی بە بەردەم لقی چواردا تێپەڕین، بەڵام کادیرانمان پەرچەکرداری نەشیاویان نەبوو“.
جەختیشی کردەوە کە دۆخی ژیانی لایەنگرانی پارتی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک هاوشێوەی هاووڵاتییانی دیکەیە. بۆیە داوای لە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کرد، بارەگاکانی پارتی بپارێزن.
باسنيوز
