غالب محەمەد: داھاتی مەرزی باشماخ بۆ یەکێتییە نەک ھاووڵاتییان

غالب محەمەد: داھاتی مەرزی باشماخ بۆ یەکێتییە نەک ھاووڵاتییان
سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات، کە کوالێتی کۆنتڕۆڵی مەرزی باشماخ دراوەتە کۆمپانیاکانی یەکێتی و سەرانە لەکۆمپانیا بازرگانییەکان وەردەگرن.



غالب محەمەد، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، راگەیاند: "مانگی رابردوو، لەلایەن سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی مەرزی باشماخ، گشتاندن بۆ کۆمپانیایەک بە ناوی (ڕەزگە) کراوە، کە ئەم کۆمپانیایە نزیکە لە یەکێتی و بەشێکە لەئیدارەی گشتیی یەکێتی، کە کوالێتی کۆنتڕۆڵی ئەم مەرزەیان تەسلیم بە دەستی ئەم کۆمپانیایە کردووە، تاوەکو کۆنتڕۆڵی جۆری خۆراک، دەرمان و ھەموو کاڵاکان بکات و پشکنینیان بۆ بکات بە نرخێکی گرانتر، ئەمەش لە ھەموو دونیا نییە کە کۆمپانیا ئەھلی و حزبی بێت، خۆی کۆنترۆڵی جۆری بێت لەسەر خۆی".



سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوەشی خستە روو، کە داوایان لەکۆمپانیاکانی سوتەمەنی کردووە، کە کار بە ئەم گرێبەستە بکرێت، بەمەش ھاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی لە رووی تەندروستی و بژێوی ژیانیانەوە دەکەونە مەترسییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەر ھەمان ئەو ئامێرانەی بەرێوەبەرایەتیی نەوت و کانزای سلێمانی بەکار دەھێنن و بریاریش دراوە پارەی پشکنینی سوتەمەنی بەم شێوەیە وەربگیرێت لەکۆمپانیاکانی سوتەمەنی بۆ کۆمپانیا حزبەکانی خۆیان، بەڵام زیاتر لە پێنج کۆمپانیا سووتەمەنی تەنکەرەکانیان لەمەرز وەستاندووە و پارەکەیان نەداوە.



ئاماژەی بەوەش دا، کە کۆمپانیاکە سوورە لەسەر وەرگرتنی ئەو پارەیە، لەئێستا بۆ پشکنینی یەک تەنکەر بەنزین و گاز ١٠٠ ھەزار وەردەگیرێت، لەکاتێکدا پێشتر 30 ھەزار وەرگیراوە، ھەروەھا یەک تەنکەر نەوتیش بڕی 60 ھەزار وەردەگیرێت، پێشتر بۆ ھەر تانکەرێک سووتەمەنی بڕی ٣٠ ھەزار دینار وەردەگیراوە، بەوەش داھاتی مەرزەکە بۆ یەکێتییە نەک ھاوڵاتیان.



غالب محەمەد، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ (باسنیوز) گوتیشی: "لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، پارێزگار، پەرلەمانتارەکانی کوردستان و ھاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی داواکارم، بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان بە زووترین کات رێگری لەم کارە مەترسیدارە بکەن، بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت".
bas news-
Top