محەممەد خوڕشید: بەغدا پیلانی ھەیە ئاوارە گەڕاوەکانی کەرکووک دەربکات

محەممەد خوڕشید: بەغدا پیلانی ھەیە ئاوارە گەڕاوەکانی کەرکووک دەربکات
حکوومەتی بەغدا لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە داوای لیستی ناوی ئاوارە کوردەکانی شاری کەرکووکی کردووە، بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، ناوەکان رەوانەی بەغدا کراون و عێراق پیلانی ھەیە بۆ دەرکردنی ئەوانەی دوای ئازادی عێراق گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

پڕۆسەی بە عەرەباندنی کەرکووک درێژەی ھەیە و تادێت بەغدا بڕیاری ترسناکتر لەبارەی سڕینەوەی کورد لە کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەردەکات، دکتۆر (محەممەد خوڕشید) بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "حکوومەتی بەغدا دەستی بە عەرەباندنی شاری کەرکووکی کردووە و لە رێگەی فەرمانگەی خۆراک و دانەوێڵەی کەرکووکەوە، داوای ھەموو ئەو ناوانەی کردووە کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە ھەرێمی کوردستان گوازراونەتەوە بۆ شاری کەرکووک و پێشتر لە ھەرێمی کوردستان بوونە، بڕیارەکە بەو شێوەیە لە بەشی پلاندانانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، داوای ھەموو ناوەکانیان کردووە، ئەوانەی لە ھەرسێ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە گوازراونەتەوە بۆ کەرکووک لیستی ناوەکانیش ئامادەکراوە".

بەھۆی سیاسەتی تەعریبەوە دەیان ھەزار خێزانی کورد لە سەردەمی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان ببوون، دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٠٣ بەشێکی زۆری ئاوارە کوردەکانی کەرکووک گەڕانەوە بۆ شارەکەیان، بەڵام دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر جارێکی دیکە کورد لە ماڵی خۆی ئاوارەبوەوە، (محەممەد خوڕشید) مەترسی خۆی لەو بڕیارەی بەغدا ناشارێتەوە و دەڵێت، "بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە، ناوی ھەموو ئەو ئاوارە کوردانەی دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق گەڕاونەتەوە بۆ کەرکووک رەوانەی بەغدا کراون، ئیتر چاوەڕێی بڕیاری بەغداین، پێمانوایە بڕیاری بەغداش ئاشکرایە و دەیەوێ ھەموو ئەو ماڵە کوردانەی گەڕاونەتەوە شاری خۆیان، دەربکات".
kdp-
Top