مامۆستایانی زانكۆ: عێراق هیچ کارتێکی نەماوە لە دژی کورد بەکاری نەهێنابێت
عێراق لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، كەركووك و خورماتووی داگیر كرد و بە دەیان خرووقاتی لەو ناوچانە ئەنجام دا و تا ئێستاش بەردەوامە، دەستی بەسەر نەوتی كەركووكدا گرتووە و بۆ ئێرانی ڕەوانە دەكات و خەڵكی كوردستان سزا دەدات، فرۆكەخانەكانی داخستووە و سنوورەكانی داخستووە، هەر بەوەش نەوەستاوە، بە هاوكاریی وڵاتانی دەوروبەر بەردەوام دەیەوێت هێرش بكاتە سەر خەڵكی كوردستان، ئەوەش پێچەوانەی دەستوور و یاسایە، كە دەنگیان بۆ داوە.
(د. سیروان ستار)، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئەو عەقڵیەتەی كە ئێستا عێراق بەڕێوە دەبات، لەگەڵ دروستبوونی عێراق ئەو عەقڵیەتە هەر هەیە، عەقڵیەتی پەنابردن بۆ هێزی دەرەكی بۆ لێدانی ئەم گەلە، لەكاتی مەلیك فەیسەڵەوە پەنا برایە بەر ئینگلیز و فڕۆكەكانی ئەو وڵاتە، كە كوردستان بۆردومان بكەن، بۆیە هەموو كاتێك حكوومەتی عێراق ئەگەر توانای هەبووبێت پەنایان بردووەتە بەر دەسەڵاتی دەرەكی بۆ ئەوەی بەكاری بهێنن دژی گەلی كوردستان، ئەوەش ڕەنگدانەوەی قەیرانی دەوڵەتی عێراقە."
(د. سیروان ستار) ئەوەیشی گوت: عێراق هەر وەرەقەیەكی پێی بووە بەرامبەر بە كورد بەكاری هێناوە، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان ڕەوانە ناكەن، كوردستان سزا دەدەن بە داخستنی فڕۆكەخانەكان و سنوورەكان، هەوڵ دەدەن سنوورەكان بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، لە كاتێكدا بە پێی یاسا و دەستووری عێراق مافی خۆمانە كە ئەو سنوورانە بەڕێوە ببەین، چونكە ئەو سنوورانە پێش 2003 هەر بە دەست ئێمەوە بوون، بۆیە ئەوەی دەیكەن تەنیا بۆ ڕەزامەندیی وڵاتانی دراوسێ و بانگەشەی ناو خۆیانە."
(د. ئەردەڵان سەعید)، مامۆستای زانكۆیە لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئەوەی ئێستا عێراق بەرامبەر بە كورد ئەنجامی دەدات، ئەوان بە ڕای گشتیی جیهان دەڵێن، ئێوە پاڵ بە گەلی كوردەوە بنێن بۆ ئەوەی جیا بێتەوە، ئەوان ئەو حاڵەتیان دروست كردووە، ئێمەش دەبێ بۆ جیهان باسی بكەین، كە ئێمە چۆن لەو عێراقەدا دەژین، بۆیە دەبێ جیهان تێبگات كە ئێمە لەگەڵ چ عەقڵیەتێك دەژین."
(د. ئەردەڵان سەعید) ئاشكرای كرد: "ئەوەی (حەیدەر عەبادی) دەیكات تەنیا وەرەقەیەكی پڕۆپاگەندەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كە وا خۆی دیار دەخات كە زاڵ بوومە بەسەر داعشدا، (حەیدەر عەبادی) و (مالیكی ) و هەموو ئەوانەی دژایەتیی كورد دەكەن، هەمان عەقڵیەتی ڕژێمی پێشوو لە عێراق پەیڕەو دەكەن، ئەویش سەرچاوەی گرتووە لەو ڕق و كینەی كە هەیانە بەرامبەر بە گەلی كوردستان و دۆزی گەلی كورد، ئەو پەروەردە و عەقڵیەتەیە، بۆیە ناتوانن لە عێراق بە هیچ شێوەیەك ئۆقرەیی سیاسی و ئۆقرەیی ئاسایشی ئەو وڵاتە ئیستقرار بكەن".
kdp-
