میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ھەڵدەکوتنە سەر گوندەکانی سنووری داقووق
ھیوا ڕەشید، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: "میلشیاکانی حەشدی شەعبی ھەرجارە و بەبیانووی پشکنین ھەڵدەکوتنە سەر گوندێک و سووکایەتی بەخەڵک دەکەن، دوێنی شەممە 16/12/2017، میلشیاکان ھەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی دارا لە ناوچەی ھەفتەغاری سەر بە داقووق، ئەمەش بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ لای خەڵکی گوندەکە".
بەرپرسی لێژنەی ناوچەی داقووقی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەشی خستە روو، کە ئەو کردەوانەی حەشدی شەعبی ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە.
پێشتریش میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دەروازەی ناوچەی ھەفتەغار وێنەیەکی دیواری حوسێن عەلی، گۆرانیبێژی ناسراوی گەرمیانیان شێواند.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەت کار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
باسنيوز
