سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامی: 16ی ئۆکتۆبەر بووە هۆی سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان

 سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامی: 16ی ئۆکتۆبەر بووە هۆی سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان
سەرکردەیەکی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەھۆی ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئاڵای کوردستان، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ژێر پێ خرا، بەڵام ”خەڵکی کوردستان سەربەرزانە ڕێگەیان بە لەکەداربوونی ئاڵای کوردستان نەدا“.

سەلیم کۆیی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، ڕايگەیاند: ”کوردستان خاوەنی ئاڵای خۆیەتی و شانازی بەو ئاڵایەوە دەکەین، چونکە ئێمە خاوەنی کیانی خۆمانین و ھیوادارین ئەو ئاڵایە بە بەرزی بمینێتەوە و دروشمی چاکسازیش ھاوشانی ئاڵا، سەربەرزانە ھەموو لایەک بگرێتەوە".

ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەشی بەوە کرد کە ڕووداوی 16ی ئۆکۆتبەر زۆر ناخۆش بوو، بەڵام خەڵکی کوردستان ”سەربەرزانە نەیانھێشت ئەو ئاڵایە لەکەدار بێت“.

دووپاتیشی کردەوە: ”ئەو ڕۆژە شووم بوو بۆ کوردستان، بەڵام دەبێ ئەو ڕووداوە ھەڵمانسێنێتەوە، نەک دامانڕمێنێت، چونکە لە کاتێکدا خەڵک نەیدەوێرا بە چاوێکی بێ ڕێزی سەیری ئەو ئاڵایە بکات، کەچی ئەو ڕووداوە وای کرد خەڵکانێک لە کۆڵان و لەسەر شەقامەکان سووکایەتیی پێبکەن".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.













باسنيوز
Top