کەرکووک.. لەسەر پۆشینی جلی کوردی سووکایەتی بە 25 قوتابيی زانکۆ دەکرێت
بەرپرسێکی ئەمنی لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە 17/12/2017 دوای ئەوەی 25 قوتابی زانکۆی کەرکووک، بە جلی کوردی و بە سێ ئاڵای کوردستانەوە بۆ زانکۆ ڕۆشتوون، لەلایەن پاسەوانی زانکۆکەوە سووکایەتییان پێ کراوە و پێیان گوتراوە ئێوە ئاژاوەچین، لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانەکە بانگی بەرپرسەکەی خۆی کردووە کە پلەی موقەدەمی ھەیە و ئەویش سووکایەتییەکی زۆری بەو گەنجانە کردووە، مۆبایلی لێ وەرگرتوون و دەمانچەی لێ ڕاکێشاون و دواتریش بەڕێی کردوون".
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی کەرکووک جەختیشی لەوە کردەوە، کە ھۆکاری سووکایەتییانەی کە بە خەڵکی کەرکووک و پیرۆزییەکانی کوردستان دەکرێت، لە ئەستۆی ئەو باڵەی خیانەتکارەی ناو یەکێتییە کە لە 16ی ئۆکتۆبەر بەڕێککەوتنی پێشوەختە حەشدی شەعبییان ھێنایە ناو کەرکووک رادەستیانکردن، گوتیشی: "ئەو گرووپەش رۆژانە لە ناو کەرکووک مانەتەوە، بەڵام ھیچ حسێبێکیان بۆ ناکرێت، بەبێ چەک دەسووڕێنەوە و دەسەڵاتی منداڵێکیشیان لەو شارەدا نەماوە".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
