کەرکووک.. لەسەر پۆشینی جلی کوردی سووکایەتی بە 25 قوتابيی زانکۆ دەکرێت

 کەرکووک.. لەسەر پۆشینی جلی کوردی سووکایەتی بە 25 قوتابيی زانکۆ دەکرێت
بەرپرسێکی ئەمنی کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات، کە بەھۆی پۆشینی جلی کوردییەوە بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستانەوە، 25 قوتابی زانکۆی کەرکووک، لەلایەن پاسەوانانی زانکۆوە، سووکایەتییان پێ کراوە.

بەرپرسێکی ئەمنی لە کەرکووک، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە 17/12/2017 دوای ئەوەی 25 قوتابی زانکۆی کەرکووک، بە جلی کوردی و بە سێ ئاڵای کوردستانەوە بۆ زانکۆ ڕۆشتوون، لەلایەن پاسەوانی زانکۆکەوە سووکایەتییان پێ کراوە و پێیان گوتراوە ئێوە ئاژاوەچین، لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانەکە بانگی بەرپرسەکەی خۆی کردووە کە پلەی موقەدەمی ھەیە و ئەویش سووکایەتییەکی زۆری بەو گەنجانە کردووە، مۆبایلی لێ وەرگرتوون و دەمانچەی لێ ڕاکێشاون و دواتریش بەڕێی کردوون".

ئەو بەرپرسە ئەمنییەی کەرکووک جەختیشی لەوە کردەوە، کە ھۆکاری سووکایەتییانەی کە بە خەڵکی کەرکووک و پیرۆزییەکانی کوردستان دەکرێت، لە ئەستۆی ئەو باڵەی خیانەتکارەی ناو یەکێتییە کە لە 16ی ئۆکتۆبەر بەڕێککەوتنی پێشوەختە حەشدی شەعبییان ھێنایە ناو کەرکووک رادەستیانکردن، گوتیشی: "ئەو گرووپەش رۆژانە لە ناو کەرکووک مانەتەوە، بەڵام ھیچ حسێبێکیان بۆ ناکرێت، بەبێ چەک دەسووڕێنەوە و دەسەڵاتی منداڵێکیشیان لەو شارەدا نەماوە".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.










باسنیوز
Top