ڕێباز بێرکۆتی: میژوو رەحم بەوانە ناکات کە بوونە هۆی سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان
ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ڕایگەیاند: "ئاڵای کوردستان، لە ھەر چوار پارچەی کوردستان ئاڵایەکی بەرز و پیرۆزە، لە شۆڕشەی یەک لە دوای یەکەکانی کوردستانیش بە بەرزی و پیرۆزی ماوەتەوە، ھەرچەندە ئێستا لە دۆخێکی خراپ داین و تووشی جۆرێک لە نسکۆ بووین، بەڵام ئەم رۆژە گڕوتینێکی زیاتر بە گەلی کوردستان دەدات".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، ئەوەشی خستە روو، میللەتی کورد قوربانی زۆری لە پێناوی دروستکردنی دەوڵەت داوە، بۆیە بە ئومێدەوە دەژی تاوەکوو لە ئایندە ببینە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
لەبارەی داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، حزبولڵای لوبنان و پاسداران، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی ناو یەکێتی، دواتر سووکایەتیکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و سووتاندنی، ڕێباز بیرکۆتی، گوتی: "ھەر کەسێک سووکایەتی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان بکات، تووشی بەرپرسیاریەتییەکی مێژووی دەبێت، بۆیە نامەوێ ناوی ھیچ گرووپ و تاقمێک بێنم، بەڵام ھەر کەسێک لە وڵاتی ئێمەدا ببێتە ھۆی سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان، مێژوو رەحمی پێ ناکات".
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنیوز
