کادیرێکی پێشکەوتووی یەکێتی: ڕاگەیاندنی فەرمیی یەکێتی کەوتووەتە دەست گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر
نەوزاد ساڵح حەمەئەمین، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی کە ماوەیەکە لە حزبەکەی سڕکراوە، ڕاگەیاند: ”16ی ئۆکتۆبەر وای کرد یەکێتی سڵ بکاتەوە لە ڕۆژی ئاڵا و باسکردنی کەرکووک، لە کاتێکدا خەباتی یەکێتی بۆ کەرکووک بوو، ئێستا یەکێتی مافی خۆیەتی لە گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر بپێچێتەوە بۆ ئەوەیان کرد؟ بۆچی یەکێتییان خستە بەردەم ھەڵویستێکی خراپەوە؟“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەمڕۆ لە جێگەی ئەوەی لە کەرکووک ڕۆژی ئاڵا بکرێتەوە، کەچی ئاڵای کوردستان دەسووتێنرێ و ژێر پێ دەخرێت، بۆ دەبێت یەکێتی باجی ئەوە بدات؟ بۆیە ھەتا ئەو پرسە یەکلا نەبێتەوە، یەکێتی ناتوانێت خۆی لەو ڕەخنانەن ڕزگار بکات کە ئاراستەی دەکرێت".
کادیرە پێشکەوتووەکەی یەکێتی بە سەرسوڕمانەوە ئاماژەی بەوە کرد: ”کەس نازانێت ئێستا یەکێتی ئەوان بەڕێوە دەبات یان ئەوان یەکێتی بەڕێوە دەبەن؟ چونکە راگەیاندنی کوردسات و مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی کەوتووەتە دەست ئەو گرووپە“.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، پەلاماری خورماتوو، کەرکووک و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەر داگرت و سەدان هاووڵاتیی کوردیان شەهید و بریندار کرد و نزیکەی 200 هەزار کەسیش لەو سنوورە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە“.
باسنيوز
