لە پەرلەمانی کوردستان یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا
ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، لەناو حەوشەی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاران دەستی پێکرد و تێیدا بە نمایشی نیشتمانی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان یادی ئەو ڕۆژە مێژووییە کرایەوە.
هاوکات لەلایەن جەفەر ئیمنیکی، جێگری پەرلەمانی کوردستان و بێگەرد تاڵەبای سکرتیری پەرلەمانەوە ئاڵای کوردستان هەڵکرا و جێگری پەرلەمان بەم بۆنەوە وتارێکی پێشکەش کرد چەند چالاکییەکی دیکە بەم بۆنەیەوە لەناو بینای پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوون.
جەعفەر ئیمنیکی لە ەبشێک لە وتارەکەیدا گوتی: "سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین کە گیانی خۆیان کردە قوربانیی بەرزڕاگرتنی ئاڵای کوردستان، بە درێژایی شۆڕش و خەباتی نەتەوەکەمان خەونی هەموو نەتەوەکەمان بووە کە هەموو کات بشەکێتەوە و لەپێناو بەرزڕاگرتنی سەدان هەزار کەس شەهید بوون".
فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری سەر بە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (کوردستان 24) گوتی: "هەرچەند هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان و پیلانەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ویستیان چۆک بە ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا بدەن، بەڵام نەتەنیا نەیانتوانی، بەڵکوو یادکردنەوەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، نیشانەی ئەویە ئیرادەی پتەوی ئەم نەتەوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پێداگر و شێلگیرترە".
دیاریکردنی ئەو رۆژە بەهۆی هەڵکردنی ئەو ئاڵایە بوو لە رۆژی 17/12/1946 لە شاری مەهاباد، کە مانگێک بەر لە ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، کە لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا و هەڵکرا کە پێشەوا قازی محەمەد بە یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان دیاری کرا و مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستانیش وەک سوپاسالاری کۆمار، دیاری کرا.
لە ساڵی 1999، پەرلەمانی کوردستان رۆژی 17ـی کانوونی یەکەم (17ـی 12)ـی هەموو ساڵێکی، وەک رۆژی ئاڵای کوردستان دیاری کرد.
